رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی رابیتەی بانکە تایبەتەکانی عێراق دەڵێ ئەمساڵ قەبارەی کڕین و فرۆشتنی ئەلیکترۆنی لە عێراق دەگاتە 13 تریلیۆن دینار، باسی ئەوەش دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، زیاتر لە 13 ملیۆن هەژماری بانکی دروستکراون.
ئەحمەد هاشمی، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رابیتەی بانکە تایبەتەکان لە عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەوان پشتیوانی وەرچارخانی ئەلیکترۆنی لە کەرتی بانکی بە سەرپەرشتیی بانکی ناوەندی دەکەن و ژێرخانی پێویستیان بۆ ئەو مەبەستە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک هەنگاوی باش نراون، لەنێویاندا بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆران، کڕین و فرۆشتن لەرێگەی ئامێری ئەلیکترۆنیی ناسراو بە POS، لەگەڵ ژمارەیەک رێکاری دیکە و زیادکردنی هەژماری بانکی و مامەڵەکردن لەرێگەی کارتی بانکییەوە.
جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رابیتەی بانکە تایبەتەکان لە عێراق گوتی "لە کۆتایی ساڵی رابردوو، ژمارەی هەژمارە بانکییەکان گەیشتووەتە 13 ملیۆن و 200 هەزار هەژمار، هەروەها 19 ملیۆن و 700 هەزار کارتی بانکی هەبوون و، ئێستا ژمارەکە زیادیکردووە، پێشبینی دەکەین ئەمساڵ ژمارەکە زۆر زیاد بکات، جگە لەوە 23 هەزار خاڵی فرۆشتنی ناسراو بە POS هەبوون."
بەگوتەی ئەحمەد هاشمی لە ساڵی رابردوودا 9 تریلیۆن و 600 ملیۆن دۆلار لەرێگەی کارتی بانکییەوە مامەڵەی پێوەکراوە، پێشبینیش دەکەن ئەو بڕە بگاتە 13 تریلیۆن دینار، تەنیا لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئەو ژمارەیە 6 تریلیۆن و 700 ملیار دینار بووە.
لە عێراق 70 بانکی کەرتی تایبەت و گشتی هەن، بەپێی قسەکانی هاشمی رووکردنە تەکنەلۆژیا لە کەرتی دارایی و بانکی، سوودێکی دارایی زۆری دەبێت و دەڵێت "هاوشێوەی نەوتی لێدێت، ئەوەش بە پشتبەستن بەو وەبەرهێنانە گەورەیەی لەو بوارەدا دەکرێت، ژمارەیەک کۆمپانیای پێگەیشتووش هەن لەو بوارەدا کاردەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ