د. فوئاد حوسێن بۆ رووداو: لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵامان تۆمارکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق وەکو وڵاتێک لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی دونیاوە پشتگیری دەکرێت و .. "ناکرێت تورکیا هەرکاتێت بیەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەنێو خاکی عێراق بکات."
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان ئەنجامیدا بە وردیی باسی لە تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخی سنووری زاخۆ، رێکارەکانی عێراق بەرامبەر تورکیا، رێککەوتنە ئەمنییەکانی تورکیا و عێراق، چالاکییەکانی تورکیا و پەکەکە لە عێراق و چەند بابەتێکی دیکەی کرد.
لەبارەی ئەو رێکارانەی کە عێراق بەرامبەر تورکیا دەیگرێتەبەر، د. فوئاد حوسێن دەڵێت: لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵامان تۆمارکرد و.. بە رێکاری دیپلۆماسی ئەوەی لەدەستمان بێت، دەیکەین.
لەبارەی ئەو ناوچەیەی لە سنووری زاخۆ کە تۆپباران کرا، ئایا ئەندامانی پەکەکەی لێبوو وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوە کرد، "بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەست من گەیشتووە ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج پەکەکەی لێ نەبووە."
لەبارەی چالاکییەکانی تورکیا و پەکەکە لەنێو خاکی عێراق، د. فوئاد حوسێن گوتی: ناکرێت تورکیا هەرکاتێت بیەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەنێو خاکی عێراق بکات. هەروەها گوتیشی، "پەکەکە مافی نییە لە عێراق بێت و چالاکی بکات."
د. فوئاد حوسێن کە هاوکات سەرۆکی شاندی پارتییە لە بەغدا بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەت لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار و رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی گوتی، "لەو بڕوایەدام لە کۆتاییدا پارتی و یەکێتی دەگەنە رێککەوتن."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق:
رووداو: دوای ئەوەی ئێوە وەکو حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەتان کرد لە رووداوی تۆپبارانکردنی گوندی پەرەخ، پێتانوایە هیچ پێویستییەکی دیکە هەیە بۆ لێکۆڵینەوەی دیکە؟ یان ئەو لێکۆڵینەوەیەی کردتان بەس بوو بۆ ئەوەی بگەنە راستی رووداوەکە؟
د. فوئاد حوسێن: راستی رووداوەکە چەند شتێکە، یەک؛ قوربانییەکان. دوو؛ شوێنەکە. سێ؛ پرسی سەربازیی، سەبارەت بەوەی ئەو هێرشە لەکوێوە کراوە، لەکوێوە هاتووە، چ جۆرە چەکێک بەکارهاتووە؟ لەسەر هەموو ئەمانە لێکۆڵینەوە کراوە، ئەنجامەکەشی زانراوە. دەربارەی قوربانییەکانیش زانراوە کە 9 شەهید و 31 بریندار هەیە، شوێنەکەش زانراوە بۆیە راستییەکان دیارن.
رووداو: راستیەکە چییە؟
د. فوئاد حوسێن: وەکو گوتم بەشێکی پەیوەندی هەیە بە گوندەکە و شوێنەکە، بەشێکی پەیوەندی هەیە خەڵکەکە، بەشێکیشی پەیوەندی هەیە بە جۆری چەکەکە. ئەو چەکەی بەکارهێندراوە تۆپهاوێژێکی 155 ملیم، 4 تۆپ لەو شوێنە دراوە، تۆپی یەکەم کە ئاراستە کراوە دوای نیو کاژێر 3 تۆپەکەی دیکە هاتووە. واتە جۆر و ژمارەی تۆپەکانمان لایە. ئەو بەشانەی کە کەوتە دەستی شارەزایانی سەربازیی، هێنایان بۆ بەغدا پشکنینیان بۆ کرد، گەیشتنە ژمارەکەی و شوێنەکەی و جۆری چەکەکە، هەمووی لای شارەزایانی سەربازی زانراوە.
رووداو: لە پشکنینی ئەو پارچانە بۆتان روون بووەوە، کە ئەو چوار تۆپە لەلایەن تورکیاوە ئەو ناوچە گەشتیارییەی کردووەتە ئامانج؟
د. فوئاد حوسێن: ئەوەی شارەزایانی سەربازی بە ئێمەیان راگەیاند، راپۆرتەکەیان باسی چەکێک دەکەن کە 155 ملیمە کە سوپای تورکیا بەکاری دەهێنێت.
رووداو: واتە ئەو رووداوە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە؟
د. فوئاد حوسێن: بەپێی ئەو زانیاریانەی ئەوان باسی دەکەن، بەڵێ.
رووداو: بەڵام تورکیا لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا و وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی ئێمە نەبووین، ئێوەش دەڵێن، تورکیا بووە. چۆن لەسەر ئەو بابەتە دەگەنە ئەنجام؟ تورکیا داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لیکۆڵینەوە دەکات.
د. فوئاد حوسێن: داوای پێکهێنانی لیژنەیان نەکردووە، تەنیا لە راگەیاندن باس دەکەن. ئەگەر داوای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بکەن، دەبێت لە رێگەی نووسراوی فەرمییەوە داوا بکرێت، نەک داوای لیژنەی لێکۆڵینەوە داوای ئەوە بکەن بۆ ئەو رووداوەی روویداوە؟ مەسەلەکە چی بووە؟ چونکە بەپێی ئەو زانیارییە سەربازییەی بەدەستمان گەیشتووە، نیشانی ئەوە دەدات کە لەشکری تورک بووە.
رووداو: ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێز مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و 8 بڕیار دەرکران. پێتانوایە عێراق دەتوانێت ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکات؟
د. فوئاد حوسێن: دەربارەی بڕیارەکان، یەکەم شت عێراق نە بەرەو شەڕ دەچێت نە نیازی چوون بەرەو شەڕی هەیە، نە قبووڵی شەڕ دەکات و نە بڕواشی بە شەڕە. پێویستە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا تەندروست و دروست بێت، لەسەر بنەمای رێزگرتنی خاک و خەڵکی یەکتر بێت. ئەوەی پەیوەندی هەیە بە دیپلۆماسیەتەوە بەڵێ جێبەجێ دەکرێت. لەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی ئێمە و تورکیا چۆن دەبێت، تۆمارکردنی سکاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە نیویۆرک دەستمان پێکرد، هەرچی رێکاری دیپلۆماسییەی ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین.
رووداو: واتە ئێوە رژدن لەسەر ئەوەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر تورکیا تۆمار بکەن؟
د. فوئاد حوسێن: لەمڕۆوە دەستمان پێکردووە.
رووداو: یەکێک لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەوەیە دەڵێت، ئامادەبن بۆ بەرگریکردن. ئەمە بەو مانایە دێت کە ئیتر رێگەنادەن تورکیا پێشڕەوی زیاتر بکات بۆ نێو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان؟
د. فوئاد حوسێن: لەو هێرشەی کە کرا پێویستە هەردوولا وانە وەربگرن، بە تایبەتی تورکیا پێویستە وانە وەربگرێت. عێراق وەکو سووریا نییە.. ئەگەر نیازێک هەیە عێراق وەکو سووریای لێبێت.. دەستوەردانی لە عێراق زۆر ئەستەم دەبێت. راستە تا ئێستا هاتوون، بەڵام لە دوای ئەو رووداوەوە پێویستە تورکیا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت. بە تایبەتی عێراق نیازی ئەوەی نییە، بە پێچەوانەوە دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ تورکیا هەبێت، بە رێگەی دیالۆگ. بەڵام پەیوەندییەکە نابێت بەو شێوەیە بێت کە ئەوان هەر کاتێک بیانەوێت دێنە ناو خاکی عێراق، هەر کاتێک بیانەوێت هێرش بکەن، هەر کاتێک بیانەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەنێو خاکی عێراق بکەن.
من ئەو قسانە دەڵێم تێدەگەم تورکیا کێشەی هەیە لەگەڵ پەکەکە، پەکەکە کێشەیە بۆ تورکیا، بەڵام راستیش بڵێم پەکەکە کێشەیە بۆ عێراقیش. چونکە دەستووری عێراق رێگە نادات پەکەکە لەسەر خاکی عێراق بێت و لە کوردستان بێت. لەسەر خاکی عێراق و لە کوردستانەوە چالاکی سەربازی خۆی رێکبخات و هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی دیکە، ئەمە قبووڵ ناکرێت. واتە پەکەکە کێشەیەکە بۆ عێراقیش. بەڵام ئەمە بەو شێوە هێرشکردنەی تورکیا دەیکات چارەسەر نابێت، بێجگە لەوە هێرشەکانی تورکیا راستی بڵێم لە رووی سەبازیی و جوگرافی و هێرشکردنەوە گورز لە خەڵکی عێراق و کوردستان دەدات، لەو ماوەیە خەڵێکی زۆری سڤیل کوژراون. ئەوان زۆربەی جار دەڵێن ئێمە لەدوای پەکەکەین و شەڕی پەکەکە دەکەین، بەڵام دەبینین شەڕەکە فراوان بووە، دەبینین ئەو شوێنانەی بە ئامانجی دەگرن شوێنی پەکەکە نییە، کەواتە نیازیان چییە و بۆ وادەڵێن؟ چارەسەری کۆتایی ئەوەیە، یەک؛ گفتوگۆیەکی واقیعی بکەینەوە. دوو؛ تورکیا لە خاکی عێراق نەمێنێت هەروەها پەکەکەش لە خاکی عێراق نەمێنێت. پەکەکە و تورکیا کێشەیان لەو دیو سنوورە لەو دیو سنوور نییە. بەڵام هەردووکیان کێشەکەیان هێناوەتە ناو خاکی کوردستان و عێراق، ئێمەش ئەمەش ناکرێت و نابێت.
رووداو: چوونە دەرەوەی پەکەکە خاڵێکی دیکەیە لە 8 بڕیارەکەی عێراق، چۆن ئەو هەنگاوە جێبەجێ دەکرێت؟
د. فوئاد حوسێن: تێدەگەم کە لە رووی سەبازییەوە دۆخی عێراق چۆنە و دۆخی سەربازیی تورکیا چۆنە و پەکەکە لەکوێیە و لە چ شاخێکە، ئەمە ئاسان نییە. بەڵام لە ئەنجامدا هێزی سەربازی دیکە هەبووە لە عێراق هی بێگانە، بەڵام لە عێراق نەما. پێویستە رێگەیەک بدۆزینەوە، بەڵام ئەمە کاری تورکیایە، واتە پێویستە تورکیا خۆی رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات. کێشەکە نەبێتە کێشەی تورکیا و عێراق.
رووداو: لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە، سەردەکێشێت بۆ کێشەی گەورە لەنێوان عێراق و تورکیا؟
د. فوئاد حوسێن: راستە ئێستا عێراق کێشەی سیاسیی و ئەمنیی هەیە، بەڵام عێراق وەکو وڵاتێک لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی دونیاوە پشتگیری دەکرێت. واتە ئەوە نییە بڵێیت عێراق لاوازە. عێراق دەتوانێت جموجۆڵ بکات. بەڵام عێراق نایەوێت کێشەی هەبێت لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دراوسێ.
رووداو: مەبەستت جموجۆڵی سەربازییە یان دیپلۆماسی؟
د. فوئاد حوسێن: راستیەکەی من باسی رووە سەبازییەکەی ناکەم، لە ئەنجامدا لەنێوان عێراق و هیچ وڵاتێکی دراوسێ نابێت کێشەکان بە رێگەی سەربازی چارەسەر بکرێت. رێگەی سەربازیش چارەسەر نییە. هەر بۆیە دەڵێن دەبێت تورکیا رێگەی سەربازیی نەگرێتەبەر بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، تورکیا کە رێگەی سەربازی گرتووەتە بەر باسی ئەوە دەکات کە شەڕی پەکەکە دەکات، بەڵام خەڵکی سڤیل کراوەتە ئامانج.
رووداو: ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج پەکەکەی لێ بووە؟
د.فوئاد حوسێن: ئەو زانیاریانەی بەدەست من گەیشتووە پەکەکەی لێ نەبووە.
رووداو: کێشەی پەکەکە لە عێراقدا چۆن چارەسەر دەکەن؟
د. فوئاد حوسێن: ئەو کێشەیە کێشەی تورکیایە هاتووەتە نێو عێراق، پێویستە لەگەڵ تورکیا دانیشتنمان هەبێت. بەڵام دانیشتن جیاوازە لە بەکارهێنانی چەک.. پێویستە بە رێگەیەکی ئەمنی ئەمە چارەسەر بکرێت. نە ئێمە دەتوانین بە رێگەی ئەمنی چارەسەری بکەین نە تورکیاش توانیویەتی. دەبێت رێگەیەکی دیکە بدۆزنەوە، ئێمەش ئامادەین لەگەڵ تورکیا دابنیشین. بەڵام ئێستا ئەو رووداوە دروستبووە و تورکیاش دەڵێت: ئێمە نین، ئەی کێ بووە؟ خەڵک کوژراوە، لە گوندەکە دراوە.
رووداو: ئەوان دەڵێن پەکەکە بووە..
د. فوئاد حوسێن: ئەوان وا دەڵێن، بەڵام هەرچی زانیاری هەیە و بۆمان هاتووە، لە هەموو رووێکەوە، جوگرافیای ناوچەکە، جۆری چەکەکە، نێوانەکە، هەموو شتێک ئەوە نیشان دەدات کە ئەمە کاری سوپای تورکیا بووە.
رووداو: کاردانەوەکان لە عێراق زۆربوون، هەر زوو کارادانەوەی گەورە لە عێراق لەسەر ئەو بابەتە دروستبوو. یەکێک لەوانە بەڕێز موقتەدا سەدر داوا دەکات هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بپچڕێت و سنوورەکان لەگەڵ تورکیا دابخرێت و سوپای تورکیا لە عێراق بکرێتە دەرەوە و کۆتایی بە رێککەوتننامەی ئەمنی لەگەڵ تورکیا بهێندرێت. عێراق ئەوە دەکات؟
د. فوئاد حوسێن: یەکەم شت عێراق رێککەوتننامەی ئەمنی لەگەڵ تورکیا نییە، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1984. زۆر کەس تەنانەت شرۆڤەکارانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە رێککەوتننامەی ئەمنی هەیە، ساڵی 1984 کۆنووسی کۆبوونەوەیەک هەیە، لەنێوان تارق عەزیز، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی تورکیا. لە کۆنووسی کۆبوونەوەکە نووسراوە، یەک؛ تورکیا بۆی هەیە بە قوڵایی 5 کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراق. دوو؛ ئەگەر هاتوو بڕیاریدا بێتە ناو خاکی عێراق پێویستە پێش ئەوە حکومەتی عێراق ئاگادار بکاتەوە. سێ؛ ئەگەر هاتە نێو خاکی عێراق لە دوای 72 کاژێر دەبێت بکشێتەوە و بگەڕێتەوە ئەودیوو سنوور. چوارەم؛ ئەم کۆنووسە بۆ یەک ساڵە و تەواو. واتە رێککەوتنی ئەمنی لەنێوان عێراق و تورکیا نییە. من نازانم ئەگەر قسەیان لەگەڵ کەسێکی ئەمنی کردبێت یان کەسێکی سەربازی. بەڵام رێککەوتن وەکو رێککەوتن لەسەر کاخەز نووسرابێت.. نییە. ئەمە هەڵەیە کە بەکاری دەهێنن، ئەوەی ئەوان باسی لێوە دەکەن لای ئێمە شتی وا نییە.
رووداو: دەکرێت سنوورەکان لەگەڵ تورکیا دابخرێن؟
د. فوئاد حوسێن: من وەزیری دەرەوەم، کاری من ئەوە نییە کێشە دروست بکەم، کاری من ئەوەیە کێشە چارەسەر بکەم. وەزیری دەرەوەی کاری ئەوە نییە هانی سەرباز بدات شەڕ بکات.. عێراقیش نابێت بچێتە شەڕێکەوە، عێراق 50 ساڵ لە شەڕ بووە، هەندێک لە شەڕەکان شەڕی نێوخۆ بووە و هەندێکی دەرەکی بووە. عێراق 50 ساڵ لە شەڕ بووە لەگەڵ خۆی و خەڵکی دیکە. بەسە کەلتووری شەڕ و فەرهەنگی شەڕ.. ئێمە پێویستە رێگەیەک بدۆزینەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تەنانەت کە دەستدرێژیمان دەکەنە سەر پێویست بەوە ناکات بە زمانی شەڕ وەڵامیان بدەینەوە. بەڵام وڵاتانی دراوسێ نابێت وا بیر بکەنەوە عێراق زۆر لاوازە، لە رووی نێودەوڵەتییەوە عێراق دۆستی زۆری هەیە و خەڵکی سۆزی زۆری هەیە لەسەر عێراق.
رووداو: لەسەر ئەو رووداوە هیچ وڵاتێک هاوسۆزی بۆتان دەربڕی؟
د. فوئاد حوسێن: رەنگە بڵێم هیچ وڵاتێک نەما پەیوەندی نەکا، هیچ وڵاتێک نەما لەوانەی رۆژئاوا بە تایبەتی، عەرەبی و ئیسلامی پەیوەندیان نەکردبێت و پاڵپشتی و هاوسۆزیان بۆ عێراق دەرنەبڕیبێت. ئێمە جارێ جموجۆڵی زۆریشمان نەکردووە، بەڵام پێویستە وڵاتانی دراوسێ بەشێوەیەکی دیکە رەفتار بکەن لەگەڵ عێراق وەک وڵات. راستە عێراق کێشەی هەیە، بەڵام ناکرێت هەر کاتێک ئەوان ئارەزوویان هەبێت بێنە ژوورەوە.
من دەزانم تورکەکان باسی چی دەکەن لە پرسی هاتنەوە ژوورەوەیان بۆ نێو عێراق، دوو شت باس دەکەن. یەکەم؛ دەڵێن پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە مافی خۆمانە بچین لێیان بدەین. دووەم؛ دەڵێن بەرگریی لە خۆمان دەکەین. بابەتی ئەوەی رێکخراوێکی تیرۆریستییە یان نا ئەمە بابەتێکی دیکەیە، دەستووری عێراقیش رێگە نادات هیچ رێکخراوێک لەنێویشیاندا پەکەکە لە خاکی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی دراوسێ، ئەمە ئەرکی لایەنی عێراقییە. بەڵام تورکیا پشت بە ماددەی 51ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستێت کە بەرگری لەخۆیان دەکەن. بەڵام ئەمە وانییە. تەنانەت ئەگەر هێرشیش کراوە، هێرش ئەوەیە عێراق هێرش بکاتە سەر تورکیا، بەڵام هێرشی رێکخراوێک بۆسەر وڵاتی تورکیا ناچێتە چوارچێوەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان. جگە لەوە ئەگەر هێرشیش بکرێتە سەر تورکیا دەبێت یەکەمجار بچێتە ئەنجوومەنی ئاسایش و بیسەلمێنێت کە هێرشی کراوەتەسەر ئینجا بچێت بەگریی لە خۆی بکات. بەرگرییەکەش نەک ئەوەی بێتە نێو سنووری عێراق. بەڵام ئەو لەژێر چەتری شەڕی پەکەکە هاتووەتە نێو عێراق و کۆمەڵێک بنکەی سەربازیی هەیە لە ساڵی 1991ـەوە تاوەکو ئێستا. دواییش لەژێر چەتری شەڕی داعش. حکومەتە جۆراوجۆرەکانی عێراقیش هەر لە گفتوگۆدابوونە لەگەڵ تورکیا، تاوەکو ئێستا هەر بە گفتوگۆ هەوڵیانداوە کێشەکان چارەسەر بکەن. بەڵام ئێستا ئەو رووداوە بووە، تورکیا باسی لیژنەیەکی هاوبەش دەکات بەڵام هەر لە میدیا باسی دەکات، هیچ نامەیەکی فەرمیان نەناردووە، نە داوی لێبووردنێکی فەرمی نە هیچ شتێک.
رووداو: ئێوە باڵیۆزی تورکیاتان لە عێراق بانگهێشت کرد و نامەی نارەزاییتان پێداو پێتان راگەیاندن کە دەبێت تورکیا داوای لێبووردن بکات و قەرەبووی قوربانییەکان بکاتەوە و هێزەکانیان لە عێراق بکشێننەوە، هەڵوێستی باڵیۆزی تورکیا لەوبارەیەوە چی بوو؟
د. فوئاد حوسێن: گرنگ ئەوەیە نامەکەی پێدرا، ئەویش نامەکە بۆ حکومەتی خۆی دەنێرێت، باڵیۆز هەر دەتوانێت ئەوە بکات. بەڵام ئەم هەڵوێستەی حکومەتی عێراق راستی بڵێم هەڵوێستی خەڵکی عێراقە، هەموو کەسێک دەبینێت، خەڵکی عێراق هەموو کاردانەوەیەکی تووندیان هەبوو بەرامبەر بەو هێرشە، پەرلەمانی عێراقیش کە رۆژی شەممە دادەنیشێت دەربارەی ئەو پرسە، بێگومان پەرلەمانی عێراقیش هەڵوێستی تووندی دەبێت، داوایان کردووە وەزیری دەرەوە و بەرگری و فەرماندە سەربازییەکان بچنە پەرلەمان و باسی ئەو بابەتە بکەن. ئەمە بووەتە بابەتێک پەیوەندی هەیە بە رایی گشتییەوە. پێویستە تورکیا لەمە تێبگات، ئەمە نە مەسەلەی سەرۆکوەزیران و نە وەزیرێک و نە حکومەتە.
رووداو: بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریاندا بەردەوامبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە نێو خاکی عێراق دژی پەکەکە.
د. فوئاد حوسێن: دژی پەکەکە دەوستنەوە با بووەستنەوە، بەڵام ئەوان لەنێو خاکی عێراق بەردەوامن، مەسەلەکە خاکی عێراقە، عێراق وڵاتێکی دیکەیە. پێموایە تاوەکو ئێستا خەڵکی عێراق پەیوەندی لەگەڵ تورکیا زۆر باشبوو، هیوادارین ئەوە پەیوەندییە باش بمێنێت و کاریشمان ئەوەیە ئەو پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بپارێزین و باشیشی بکەین. بەڵام ئەو هێرشەی کە کرا رای گشتی عێراقی گۆڕیوە، تورکیا پێویستە لەوە تێبگات، پێویستە ئەو خەڵکەی عێراق وەکو پێش رۆژی چوارشەممە نییە بەرامبەر تورکیا. تورکیا پێویستە لەوە تێبگات. ئەگەر لەوە تێنەگات واتە کێشەی زۆر دروست دەبێت.
پێویستە تورکیا پرسیار لەخۆی بکات، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان باش بکات یان خراپ؟ ئەگەر دەیەوێت پەیوەندییەکانی باش بکات بەو شێوەیە باش نابێت، چونکە لە ئەنجامدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان خۆ ناتوانن دژی میللەتی خۆیان بن. ئێستا میللەت هەڵساوە بەرامبەر تورکیا.. کێ دەتوانێت دژی میللەتی خۆی بووەستێتەوە؟ رای گشتی ئێستا لە عێراق وایە، هەڵوێستی تووندی هەیە بەرامبەر تورکیا، تورکیا پێویستە لەمە تێبگات و چارەسەری ئەو پرسە بکات. بە تووندوتیژی دژی خەڵک ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات. ئەو باسی پەکەکە دەکات بەڵام لە خەڵکی داوە.. ئێ باشە خەڵک چۆن قبووڵ دەکات؟
رووداو: لە دوای رووداوەکەوە لەسەر ئاستی باڵا هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ تورکیا نەبووە؟
د.فوئاد حوسێن: نەخێر تاوەکو ئێستا هیچ نەبووە.
رووداو: دوای ئەو رووداوە گلەییەک لە هەرێمی کوردستانەوە دروست بوو، دەڵێن تاوەکو رووداوێکی وا رووینەدا کۆمەڵێک هاووڵاتیی عێراقی نەبوونە قوربانی حکومەتی عێراق بە دەنگ نەهات. پێشتر تاوەکو ئێستا زیاتر لە 138 هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان بەهۆی تۆپبارانی تورکیاوە شەهیدبوون. بۆ پێشتر حکومەتی عێراق بەو شێوە بەدەنگ نەهات؟
د. فوئاد حوسێن: نا، حکومەتی عێراق هەمیشە بە دەنگ هاتووە، بەڵام دوور نییە ئەمە شێوەی جیاواز بێت. یەکەم؛ ئەمە کوشتارگەیەکی گەورەبوو. دووەم؛ راستی بڵێم رووداوە هەموو لە میدیا گواسترایەوە، هەموو تاکێکی عێراقی، هەموو مرۆڤێکی عێراقی و ناعێراقیش ئەوەی گرنگی بە عێراق دەدا، رووداوەکەی بە چاوی خۆی بینی. دوور نییە لەسەر ئەو رووداوانەی کە پێشتر روویانداوە وەزارەتی دەرەوەی نامەی نارەزایی داوە بە تورکیا، لە دانیشتنەکان باسکراوە، بەڵام ئەمە بووە پرسێک بۆ رای گشتی. رووداوەکەش هەندێک داستانی تێدایە زۆر دڵتەزێنە. ئەمە بووە شتێکی ماددی لەنێو رای گشتی. بینیت کاردانەوەی جەماوەری زۆربوو، بەڵام لە راستیدا هەموو جارێک تورکیا چی کردووە کە پەیوەندی هەبووە بە خەڵکی سڤیلی عێراقەوە کوردبێت یان هەر پێکهاتەیەکی دیکە بێت، عەرەب یان مەسیحی یان تورکمان بێت، هەڵوێستی هەبووە، بەڵام هەڵوێستەکەش پەیوەندی بە چۆنیەتی رووداوەکە هەبووە. ئەو رووداوەش بووەتە پرسی هەموو تاکێکی عێراق و پرسێکی گەورەیە.
رووداو: وەکو حکومەتی عێراق قەرەبووی قوربانییەکان دەکەنەوە؟
د. فوئاد حوسێن: تورکیا تاوەکو ئێستا نامەی سەرەخۆشیشی نەناردووە، راستە لە میدیا باس دەکات، وڵات نەماوە نامە نەنێرێت و پەیوەندی نەکات. بەلایەنی کەمەوە نامەیەکی سەرەخۆشی نەناردووە. بالیۆزەکەیان کە بانگکرا باسی کردووە. بەڵام ئەمە ناگاتە ئەو ئاستەی بانگهێشتی باڵیۆزێک بکرێت، سەرەخۆشی بگەیێنێت.
رووداو: بڕیارتاندا کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە بانگ بکەنەوە؟
د. فوئاد حوسێن: هاتەوە.
رووداو: تاکەی ناچێتەوە؟
د. فوئاد حوسێن: باڵێۆزخانە هەر دەمێنێت، عێراق و ئێران لەکاتی شەڕیشدا باڵیۆزخانەیان هەر مابوو، داناخرێت. بەڵام پێویستە تورکیا لەو دۆخەی عێراق تێبگات، ئەمە دۆخێکی تازەیە. پێویستە تورکیا رەفتاری خۆی لەبارەی ئەو پرسە بگۆڕێت، دەربارەی عێراق پێویستە دیالۆگی راشکاو و کراوە هەبێت، باسی پەکەکە بکرێت، باسی قەرەبووی ئەو خەڵکە بکرێت، باسی بوونی سەربازی تورکی لەنێو خاکی کوردستان و نزیک باشیک بکرێت، ئەمە بووە باس تەواو ناتوانیت پاشەکشەی لێبکەیت. هەر وەزیرێک وەزیری دەرەوەی عێراق بێت ناتوانێت پاشەکشە لەو بابەتە بکات، پێویستە باس بکرێت. بۆئەمەش پێویستە تورکیا بێتە پێشەوە، ئەگەر نەیەتە پێشەوە ئەمە مانای ئەوەیە هەڵکشان دروست دەبێت. لەبری ئەوەی ئەوان باسێکی نەرم بکەن کەچی بڕیاری ئەوە دەدەن بەردەوامبن لە شەڕ.. ئەمە ناکرێت.
رووداو: کەمجار بینومانە بەو شێوەیە کاردانەوەی تووندتان هەبێت، ئەو کاردانەوە تووندە چیبوو لە شوێنی رووداوە لە جەنابتمان بینی؟
د. فوئاد حوسێن: پێش هەموو شتێک من مرۆڤم، ئەوەی بینم لەژیانمدا زۆر نەمبینیوە.. رووداوی کارەساتباویم بینیوە، ژیانی من لەنێو خەبات بووە لە سیاسەت بووە، لەناو کێشە بووە، زۆر شتم بینیوە. بەڵام ئەمەی بینیم زۆر جیاواز بوو. وازبێنە لەوەی تۆ بەرپرسی یان سیاسیت، دەچێت دەبینی پارچەیەکی لەش لەوێ کەوتووە، پارچە گۆشتێک لەوێ کەوتووە، بەرگی کەسێک لەوێ کەوتووە، خوێنەکە لەوێیە، دەچیتە نەخۆشخانە ژنێکی گەنج دەبینی دەڵێم 5 رۆژە شاییم کردووە، لەگەڵ هاوژینەکەی هاتووە بۆ مانگی هەنگوینی، دەزانی ئەو ژنە چی بەمن گوت؟ گوتی ئەوەندە گرنگی بە چارەسەری من مەدەن یارمەتی مێردەکەم بدەن.. گوتم لەکوێیە؟ گوتی لە نەخۆشخانەیەکی دیکەیە بریندارە، مێردەکەم رزگار بکەن. بێگومان ئەو نەیدەزانی مێردەکەی مردووە.. ئێ داستانی ئاوا کابرا لە خوارەوەی عێراق هاتووە ژنێکی گەنج کوڕێکی گەنج 5 رۆژە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، هاتوون بۆ ئەوەی چەند رۆژێک پشوو بدەن، لەبری ئەوەی پشوو بدەن تەرمی مێردەکەی بۆ دەچێتەوە. ئەو رووداوە کاریگەری لە هەموو کەسێک کرد.
تورکیا پێویستە لەمە تێبگات، ئاسان نییە ئەفسەرێک دانیشتووە فەرمان دەدات، 500 تاوەکو 600 کەس لەو شوێنە بوون، نزیکەی 100 کۆستەر لەوێ بوون. تورکەکان خۆیان باس دەکەن لە زۆر کۆبوونەوە باسیان کردووە دەتوانن یەکێک ببینن کە لە ئەشکەوتێک دەردەچێت و بۆ شوێنێکی دیکە دەچێت و دەتوانن لێی بدەن، واشیان کرد. باشە چ رەوایە 500 تا 600 کەس نابینن؟ چ رەوایە 100 کۆستەر نابینن لەوێ وەستاون؟ وا دانێن یەکەم تۆپیان بە هەڵە وەشاند، بۆ لەدوای نیو کاژێر 3 تۆپی دیکە دەوەشێنن؟
رووداو: رێگەی تێدەچێت بە هەڵە تۆپبارانی ناوچەکەی کردبێت؟
د. فوئاد حوسێن: نازانم، بڕیاری خۆجێی بووە؟ هیوادارم وابێت.. من لەو بڕوایەدانم بڕیاری ناوەندی بێت یان حکومەتی.. بۆیە من هەمیشە باسی لەشکری تورکیا دەکەم، یان ئەو کەسەی بەرپرسی ناوچەکەیە، ئایا بڕیارێکی خۆجێیی بووە؟ بەڵام ئەنجامەکەی کارەساتی لێکەوتەوە، ئەنجامی سیاسی کارەساتە، کاردانەوەی خەڵک دەبینی چۆنە لە عێراق، ئەم کاردانەوەیەش بەردەوام دەبێت، بارودۆخی سیاسی عێراق وا لێدەکات ئەم کاردانەوەیە بەردەوام بێت. ئێستا بارودۆخی سیاسی عێراق زۆر جیاوازە.
پەرلەمانیش جیاوازە، تورکیا پێویستە لەم شتانە تێبگات بۆ پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە بە باشی بمێنێتەوە، ئێمە نامانەوێت ئەو پەیوەندییە تێکبچێت. تورکیا بە نزیکەی بە بەهای 20 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق هەیە، هەر 20 ملیار دۆلارەکەش لە بەرژەوەندی تورکیایە. کاتێک هەندێک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق دەڵێن با سنوور دابخەین ئەمە شتێکی گەورەیە. زۆربەی هەرە زۆری ئەو کۆمپانیایانە کە لە عێراق کاردەکەن کۆمپانیای تورکین، هەم لە کوردستان و هەم لە باشووری عێراق. ئێ باشە ئەگەر کێشە لەنێوانمادا هەبێت ئەمە زەرەرێکی گەورە دەبێت بۆ ئابووری تورکیا، بەڵام عێراقیش زەرەر دەکات. سەرچاوەی دیجلە و فورات لە تورکیایە، پەیوەندی مێژووییمان لەگەڵ تورکیا هەیە، جوگرافی، ئابووری، سیاسی.. باشە بۆ ئەمە هەمووی لەبیربچێت من خەریکی شەڕ بم، شێوەی دیکە هەیە بۆ چارەسەری بابەتەکە، بۆ بەشەڕ؟ مەسەلەی پەکەکە ئەمڕۆ نییە، پەکەکە لە عێراق دروست نەبووە، پەکەکە لە ئەنقەرە دروست بووە، کۆمەڵێک قوتابی دروستیان کرد. لە ساڵی 1984 کە پەکەکە دەستی بەشەڕ کرد خۆ لە عێراقەوە دەستی پێنەکرد، بەڵکو لە تورکیا دەستیپێکرد. پەکەکە لە ساڵی 1991وە هاتە ئەودیو، ئەویش بارودۆخی عێراق کە تێکچوو راپەڕین روویدا.. پەکەکە هاتە نێو شاخەکانی کوردستانی عێراق، پەکەکە لە عێراق لە دایک نەبووە.
رووداو: بەڵام تورکیا دەڵێت لە عێراقەوە هێرش دەکاتە سەر تورکیا، مافی خۆمە بەرگریی بکەم.
د. فوئاد حوسێن: تورکیا زۆر جار دەڵێت پەکەکە توانای نەماوە، زۆرجار دەڵێت ئەسڵەن ناوێرن بگەنە سنووریش. هەموومانیش دەزانین منداڵێکیش دەزانێت لە عێراق لە سنووری کوردستانی عێراق و تورکیا جۆرەها بنکەی سەربازی تورکیا هەیە، تۆ کە هاتوویتە ناو خاکی عێراق کە دوایین جار پەکەکە هێرشی کردووەتە سەر تورکیا؟ دواتر تۆ دەتوانیت لەنێو سنوورەکانی خۆتەوە پارێزگاری لە خۆت بکەیت نەک بچیتە سنووری خەڵکی دیکە.. بۆ نموونە ئێستا لە هەندێک شوێن دیواری دروستکردووە. لەگەڵ ئەوەش دەڵێم مافی پەکەکە نییە لە عێراق بێت، مافی پەکەکە نییە لە عێراق چالاکی بکات. ئەو کێشەیە نە کێشەی کوردی عێراقە نە عەرەبی عێراقە نە کێشەی عێراقە.
رووداو: کێشەی پەکەکە لەنێو خاکی عێراق چۆن چارەسەر دەکەن؟
د. فوئاد حوسێن: ئایا بە کوشتن و بڕین چارەسەر بوو؟ ئەم پرسە پرسێکی ئەمنییە یان سیاسییە. با واقیعی بین پرسی کورد لە تورکیا پرسێکی ئەمنییە یان سیاسی؟ ئەگەر لە رووی سیاسییەوە چارەسەریان کردووە ئەوە نەخێر، بەڵام بە ئەمنی چارەسەر نابێت. کەچی دێتە لەنێو خاکی عێراق بە ئەمنی چارەسەری بکات. کێشەی کورد لە عێراق هەبووە حکومەتەکانی عێراق هەر دانیان بە کێشەی کورد نەناوە، هەموو چەکێکیشیان دژی کورد بەکارهێنا، بەڵام ئەنجامەکەی چی بوو؟ پێویستە چارەسەری بکەی، ئێستا ئەوە چارەسەربوو. من دەسەڵاتی ئەوەم نییە و کاری منیش نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی تورکیا وەربدەم، ئەمە پرسێکە تایبەت بە خۆیان، بەڵام دەتوانم یەک شت بڵێم؛ کێشەی پەکەکە کێشەیەکی عێراقی نییە، کێشەکە هی ئەودیوو سنوورە و با خۆیان چارەسەری بکەن، بەڵام ناکرێت بێیتە ناو خاکی عێراق، تەنانەت کە هاتە نێو خاکی عێراق و لە پەکەکەی دا ئەوەندی کاردانەوەی جەماوەری نەبوو لە عێراق، بەڵام کە خەڵکی سڤیل دەبێتە ئامانج خەڵک بەو شێوەیە کاردانەوەی دەبێت. بۆیە دەڵێم دوای چوارشەممە لێدانی ئەو خەڵکە پێویستە تورکیا بە شێوەیەکی دیکە بیر لەو پرسە بکاتەوە، واتە بە بیری تووندوتیژی نابێت، لە خاکی عێراق نابێت، من نازانم لە خاکی دیکە ئەوە پرسی من نییە، بەڵام لە خاکی عێراق نابێت وا هەڵسوکەوت بکات.
رووداو: سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی حکومەت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت چاوەڕوانی کوردین بۆ پێکهێنانی حکومەت، جەنابت لە سلێمانی بوویت بافڵ تاڵەبانیت بینی، دواتریش بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی هات سەرۆک بارزانی بینی. پارتی و یەکێتی دەگەنە رێککەوتن؟
د. فوئاد حوسێن: من ئێستا سەرۆکی شاندم لە بەغدا بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەت، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی بگەنە رێککەوتن. هیوام ئەوەیە بگەنە رێککەوتن، کاریش بۆ ئەوە دەکەم.. لەو بڕاویەشدام لە کۆتایی دەگەنە رێککەوتن.
رووداو: بژاردەی یەکەمتان رێککەوتنە، ئەگەر رێکنەکەون بژاردەکانی دیکە چی دەبێت؟
د. فوئاد حوسێن: من جارێ هەر بژاردەی یەکەمم هەیە.
رووداو: لەسەر بابەتی سەرۆککۆمار دەگەنە رێککەوتن؟
د. فوئاد حوسێن: هەر پرسی سەرۆککۆمار لەنێوان پارتی و یەکێتیدا نییە، پارتی و یەکێتی لە مێژوودا بەریەککەوتنیان هەبوو لەگەڵ یەک، بەڵام مێژووێکی هاوبەشیشیان هەیە و پێکەوە کاریان کردووە.
سەیری قۆناخی ئەو پەیوەندییەی نێوان پارتی و یەکێتی بکەین، هەر کاتێک بە یەکەوە بوونە لە هەموو شتێک سەرکەتوونە چ لە رووی ئەمنی بێت یان سەربازی کاتی خۆی کە خەباتی پێشمەرگایەتیان کردووە، لە رووی سیاسی بێت یان یاسایی و یان دەستووری بێت لە بەغدا بێت یان هەر شوێنێکی دیکە. هەرکاتێک بەریەککەوتنیان لەگەڵ یەک هەبووە و دژی یەک بوون، دەبینین نەک هەر سەرنەکەوتوون، بە پێچەوانەوە بەرەو دواوە رۆیشتوون. چارەسەرێکی دیکە نییە بۆ پارتی و یەکێتی، پێویستە پێکەوەبن. پێکەوەبوونەوەکەش تەنیا پەیوەندی نییە بە بەغداوە، پەیوەندی هەیە بە کوردستانیشەوە.
رووداو: باس لەوەکرا لە چوونی جەنابی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەت لەگەڵ بەڕێز بافڵ تاڵەبانی هەندێک پێشنیازی نوێی پارتی هەبوو بۆ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی پێشنیازەکانی پارتی چین؟
د. فوئاد حوسێن: نزیکەی 6 بۆ 7 کاژێر کۆبوونەوەم هەبووە، باسی زۆر پرس کرا.. بۆیە گەر مۆڵەتم پێ بدەی ناتوانم باسی هەموو شتێک بکەم، چونکە پرۆسەی دانوستاندن و دانیشتن هەر بەردەوامە، دوور نییە لەم نزیکانە کاک بافڵ بێت بۆ بەغدا، جارێکی دیکە یەکدی دەبینینەوە، جارێکی دیکە دەڕۆینەوە کوردستان.
رووداو: کات لەبەردەمتان ماوە، چونکە چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا دەکات کورد بە پەلە رێکبکەون؟
د. فوئاد حوسێن: تاوەکو ئێستا خۆیان رێکنەکەوتوون، لە کۆبوونەوەی سەرکردە سیاسییەکان بووین تاوەکو کاژێر 11ـی شەو، ئەمڕۆش هەر لە پەیوەندی بوومە لەگەڵ زۆربەی سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی. ئەوان جارێ کێشەی خۆیان چارەسەر نەکردووە با نەیخەنە سەر کورد. من ئەو قسانە وەکو سیاسییەک دەکەم نەک وەکو وەزیری دەرەوە. هەندێکیان گەشبینن ئەم دوو سێ رۆژە بگەنە ئەنجامێک، هەندێکیان ئەو گەشبینیەیان نییە، با بزانین تاوەکو ئەو ساتەی من لەگەڵ ئێوە قسە دەکەم نەگەیشتوونەتە ئەنجام. کوردیش جارێ ماویەتی چەند دانوستاندنێک لەنێوان هەردوولادا ماوە، هیوادارم هەفتەی داهاتوو بەرچاو روونییەک هەبێت لە کارکردن پێکەوە.
رووداو: پێشنیاز هەیە نە بەڕێز بەرهەم ساڵح نە بەڕێز رێبەر ئەحمەد بۆ بەربژێرێکی هاوبەش؟
د. فوئاد حوسێن: تاوەکو ئەم ساتە هەر ئەم دوو بەڕێزە بەربژێرن.
رووداو: لێکنزیکبوونەوەیەک هەیە لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش؟
د. فوئاد حوسێن: نازانم.
رووداو: ئەو دوو کۆبوونەوەیەی رابردوو بەرچاو روونیەکی بە ئێوە نەداوە؟
د. فوئاد حوسێن: جارێ ماوە. پێویستە بەرچاو روونیی هەبێت و یەکێتی و پارتی بگەنە رێککەوتنێک، جا رێککەوتنەکە چۆنە؟ نازانم.
رووداو: ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، سیناریۆی 2018 دووبارە دەبێتەوە، پارتی و یەکێتی بە بەربژێری جیا بچنە هۆڵی پەرلەمان؟
د. فوئاد حوسێن: باوەڕ ناکەم هەردوولا بەو شێوەیە بڕۆن، لەو بڕوایەدام هەردوولا دەگەنە رێککەوتن.
رووداو: پارتی رازی دەبێت ئەگەر نەگەنە رێککەوتن ئەو پرسە لە پەرلەمان یەکلابکرێتەوە؟
د. فوئاد حوسێن: من دەڵێم هەردوولا دەگەنە رێککەوتن.
رووداو: باسی پلانی بی دەکەین.
د. فوئاد حوسێن: پلانی دیکە نییە، ئەمجارە بیر لە پلانی بی ناکەینەوە.
رووداو: لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، کورد پێی باشە کێ سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت، ئەوانەی کە هەن کورد کامیانی پێ باشترە؟
د. فوئاد حوسێن: وەکو نەریتێک لەو وڵاتە، نەریتەکە ئەوەیە نوێنەری پێکهاتەکان دابنیشن دەستنیشانی یەکێک بکەن، وەکو سوننەکان چوون دەستنیشانی بەڕێز حەلبووسیان کرد بۆ سەرۆکی پەرلەمان، شیعە دەستنیشانی یەکێک بکات ببێتە سەرۆکوەزیران و کوردیش دەستنیشانی یەکێک بکات ببێتە سەرۆککۆمار. بەڵام لەو بارەدا مانای ئەوە نییە تەنیا بە دەنگی شیعە یان سوننە یان کورد. ئەوەی پێی دەگوترێت چەتری نیشتمانی پێویستە هەبێت، مانای ئەوەیە کاتێک شیعەکان کەسێک بەربژێر دەکەن پێش ئەوەی بیهێننە ناو پەرلەمان لەگەل کوردەکان و سوننەکان قسە بکەن، هەروەها کوردیش پێویستە وا بکات وەکو سوننەکانیش وایانکرد. واتە چەترێکی نیشتمانی پێویستە بۆ هەر کەس جا سەرۆکوەزیران بێت سەرۆککۆمار بێت و سەرۆکی پەرلەمان بێت، چونکە لە ئەنجامدا راستە پێکهاتەکە بەربژێری دەکات، بەڵام دەبێتە سەرۆکوەزیرانی هەموو لایەک، راستە پێکهاتەکە بەربژێری دەکات، بەڵام دەبێتە سەرۆککۆماری وڵات، سەرۆک پەرلەمانی عێراق.
رووداو: بەرەو ئەوە دەچن حکومەت دروست ببێت، یان زۆرجار باس دەکرێت رەنگە حکومەت دروست نەبێت و بەرەو هەڵبژاردنێکی دیکە بڕۆن؟
د. فوئاد حوسێن: هەوڵێک هەیە حکومەت دروست نەبێت تاکو بەرەو هەڵبژاردنێک، بەڵام ئەگەر حکومەت دروست نەبێت مانای وایە ئەم حکومەتە دەمێنێت. مانای وایە تاوەکو ساڵێک و ساڵ و نیوێک و دوو ساڵی دیکە ئینجا هەڵبژاردنی پێشوەخت نابێت دەگەینە هەڵبژاردنی ئاسایی، ئێ دوو ساڵە کێشەیە. ئینجا ئەمە پرسیارە بۆ هێزە سیاسییەکان، باشە ئەگەر ئەم حکومەتە بمێنێت نیوەی دەسەڵاتەکانی هەبێت، دەسەڵاتی ناردنی یاسای بودجەی نەبێت بەو پێیەی حکومەتی کاربەڕێکەرە، ئەمە بۆ وڵاتەکە خراپ دەبێت. ئێستا عێراق بەبۆنەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت داهاتێکی زۆری هەیە، بەڵام ئەو داهاتە زۆرە لە بانک بخەوێنی و خەرجی نەکەی، بەبۆنەی شەڕی ئۆکراینا هەموو شتێک گران بووە، ئەمە بۆ خەڵک کێشەیە.. لەلایەک دەبینێت پارە دێتە ژوورەوە لەلای ئەو دۆخی خراپتر دەبێت. ئێ ئەگەر یاسای بودجە نەبێت، چ وەزیرێک، چ وەزارەتێک و چ حکومەتێک دەتوانێت رەفتار بکات. چونکە ئەو حکومەتە کاربەڕێکەرە حکومەتێکمان دەوێت دەسەڵاتی هەبێت. بەڵام ئەو بیرۆکەیە هەیە لای هەندێک کە ئەو حکومەتە بەردەوام بێت تاوەکو هەڵبژاردن دەکرێت.
رووداو: بارودۆخەکە بە کام ئاراستە دەبێت، حکومەت دروست دەبێت یان ئەو حکومەتە بەردەوام دەبێت؟
د. فوئاد حوسێن: ئەگەر شیعەکان لەسەر سەرۆکوەزیران بگەنە رێککەوتن حکومەت دروست دەبێت. شیعەکان مەبەستم چوارچێوەی هاوئاهەنگییە. چونکە رەوتی سەدری ئێستا لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسییە.
رووداو: هەوڵەکانی عێراق بۆ لێکنزیککردنەوەی ئێران و سعودیە بەکوێ گەیشتووە و هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت؟
د. فوئاد حوسێن: تا ئێستا 5 جار کۆبوونەوە هەبوو لەنێوان سعودیە و ئێران، کۆبوونەوەکانیش لەسەر ئاستی هەواڵگری و دامودەزگە ئەمنییەکان بووە، بەڵام ئەمجارە کە چووین بۆ سعودیە لەگەڵ جێنشین بەڕێز محەممەد بن سەلمان دانیشتمان هەبوو، ئەو خۆی گوتی میوانداری وەزیری دەرەوەی سعودیە بکەن لەگەڵ ئێران لە بەغدا، منیش پەیوەندیم بە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد. ئێستا زۆر سەرقاڵین هەوڵ دەدەین کاتێک بدۆزینەوە بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی سعودیە و وەزیری دەرەوەی ئێران بکەین و بە ئاشکرا کۆدەبنەوە، چونکە کۆبوونەوەکانی دیکە بە نهێنی بوونە، کۆبوونەوەکانیش لەنێوان سەرکردە هەواڵگریی و ئەمنییەکان بووە، ئێستا بە ئاشکرا لەنێوان هەردوو وەزیری دەرەوە دەکرێت.
رووداو: هەردوولا رازیبوون لە عێراق کۆببنەوە؟
د. فوئاد حوسێن: بەڵێ عێراق نێوەندگیریان دەکات، کۆبوونەوەکانیش هەر هەمووی لە عێراق بووە.