رووداو - هەولێر
چوار پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نەداو تێبینییان لەسەر ئەو بڕگەیە هەبووە، كە باس لە هەڵبژاردن دەكات لە پارێزگای كەركووك.
ئەڵماس فازڵ، یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەیە و دەڵێت، یەكێك لەو هۆكارانەی دەنگمان پێنەدا ویستمان كورد یەكدەنگ بێت.
ئەڵماس فازڵ، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خۆم و هەریەك لە رێبوار تەها، جەمال شوكر و بێستوون زەگەنە دەنگمان بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نەداو تێبنیان لەسەر ئەو بڕگەیە هەبووە، كە باس لە هەڵبژاردن دەكات لە پارێزگای كەركووك.
ئەڵماس فازڵ دەڵێت: "دوو هۆكار وایكرد كە دەنگی پێنەدەین، یەكەمیان ویستمان كورد یەكدەنگ بێت لەهەموارەكەدا، دووەمیان داوامانكرد دۆخی كەركووك بەتەواوەتی ئاسایی بێتەوە، ئینجا هەڵبژاردنی تێدا بكرێت و تێبینی دیكەشمان هەبوو".
پێشتر ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند بوو، کە ئەوان وەك فراكسیۆنی پارتی دەنگیان بەو ماددەیەی یاساكە نەداوە، كە باس لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكات لە كەركووك و بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردووە، چونكە پێیانوایە "دەبێت بارودۆخی ئیداری و ئەمنیی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، دواتر هەڵبژاردن لەو پارێزگایە ئەنجامبدرێت".
بەپێی هەمواری یاساكە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە رۆژی 1ی نیسانی 2020 لە كەركووكیش ئەنجامدەدرێت. بەڵام یاساكە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
دەقی ماددەی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک
پەرلەمانی عێراق شەوی رابردوو پرۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگان و شارۆچکەکانی ژمارە 12ی ساڵی 2018 پەسەند کرد و یاساکە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی لە کەرکووک مەرجدار کردووە.
لە دەقی مادەکەدا هاتووە "کۆمیسیۆن تاوەکو وادەی 31ی کانوونی دووەمی 2020 پابەند دەبێ بە وردبوونەوە لە بەراوردکردنی تۆماری دەنگدەران لە کەرکووک بە بەراوردکردنی پسولەی خۆراک و بەڵگەنامەی باری شارستانی و ئەو ناوانەی کە لە هەردوو تۆمارەکەدا هاوشێوە نین و دەبێ لە تۆماری هەڵبژاردن لە کەرکووک رەشبکرێنەوە و ئەوانەی مامەڵەی ماددەی 140 یان تەواوکردووە لە مەرجی وادەکە بەدەرن".
هەر لە دەقی ماددەکەدا هاتووە "کۆمیسیۆن پابەند دەبێت بە رێوشوێنەکانی ژماردن و یەکلاییکردنەوەی ئەلیکترۆنی و بەدەست بۆ دەنگەکانی ئەو سندووقانە دەکات کە لە کەرکووک تانەیان لێدەدرێ".
هەر بەپێی هەمواری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگان و شارۆچکەکانی عێراق، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی هەر پارێزگایەک 10 ئەندام دەبێت و ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە لە ملیۆنێک زیاتر بێ ئەوا بۆ گشت 200 هەزار دانیشتووان لە سەرووی ملیۆنەکە ئەندامێک بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە زیاد دەکرێت.
بەپێی ئەم هاوکێشەیەش ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هەڵبژاردنی داهاتوو 14 ئەندام دەبێت، چونکە بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک ملیۆنێک و 400 هەزار کەسە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئێستای پارێزگای کەرکووک 41 ئەندامە.
لە ساڵی 2005ـەوە بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بەڕێوەنەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ