کۆمپانیای نەوتی بەسرە لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای مۆر روونکردنەوە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی بەسرە رەتیدەکاتەوە لە ژمارەیەک لە کێڵگەکانی پارێزگاکە کارەکانیان راگرتبێت. باسی ئەو ئاڵا مۆرەش دەکات کە گوایە لە هەندێک لەو کێڵگانە هەڵکراون.
کۆمپانیای نەوتی بەسرە دەڵێت: "هەندێک هەواڵ بڵاوبوونەوەتەوە گوایە ئاڵای مۆر لە کێڵگەی رۆژئاوای قوڕنە/یەک هەڵکراوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ راگرتنی کارەکانی نەوتی لەو کێڵگەیە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و تێپەڕاندنی 50 پلەی سیلیزی، بەڵام رەتیدەکەینەوە، نە لەو کێڵگەیە و نە لە هیچ کێڵگەیەکی دیکە کارەکان رانەگیراون."
کۆمپانیاکە دەڵێت، هەڵکردنی ئاڵا وەکو ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەلای ئەوان و لە کێڵگە نەوتییەکان کارپێکراو نییە، بەڵکو هەندێک رێکاری دیکە هەن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پلەی بەرزی گەرما لەکاتی کارە قورسەکان، پرۆگرامی تایبەت بەو بابەتە هەن کە رێنمایی و راسپاردە بۆ خۆدوورگردن لە مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەخۆدەگرن.
چەند رۆژێکە وێنەی ئاڵایەکی مۆری هەڵکراو لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەتەوە، گوایە لە یەکێک لە کێڵگەکانی نەوتی پارێزگای بەسرە هەڵکراون وەکو ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە، لە هەندێک پارێزگای عێراق پلەی گەرما بۆ سەرووی 50 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە.
رۆژی شەممە، 22-06-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەسەڵاتی دایە پارێزگاکان هەر کاتێک پلەی گەرمای پارێزگاکانیان گەیشتە سەرووی 50 پلە دەتوانن پشوو رابگەیێنن، هەروەها بڕیاردرا دەوامی فەرمانگەکان لە کاژێر 7ـی بەیانییەوە دەستپێبکات و 1ـی دوای نیوەڕۆ کۆتایی بێت.