لە ناسریە رۆژانە نزیکەی 100 سەگ بەکۆمەڵ دەکوژرێن
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەکە هەڵمەتێک بۆ لەنێوبردنی سەگی سەر شەقام، نێو کوچە و کۆڵانەکانی شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار دەستیپێکردووە، ڤێتێرنەری پارێزگاکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 سەگ لەنێوبراون.
دکتۆر محەممەد عەزيز مەیاحی، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق، رۆژی یەکشەممە 23-06-2024 بە رووداوی گوت، سەگێکی زۆر لە شەقامەکانی ناسریە بڵاوبوونەتەوە، بوونەتە مەترسی گەورە بۆ سەر دانیشتووان، بەتایبەتی ترسێکی زۆری لای ژنان و منداڵان دروستکردووە، لەگەڵ مەترسی گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری پارێزگای زیقار دەڵێت، بەمدواییانە لە گەڕەکی ئور لە شاری ناسرییە، سەگی هار پەلاماری 11 منداڵی داوە. ئەوەش دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە، داوای گرتنەبەری رێکاری پێویست کرا.
بەپێی مادەی 26ی یاسای تەندروستی ئاژەڵان، ژمارە 32ی ساڵی 2013 بەرپرسیاریێتی بەرەنگاربوونەوەی سەگی بەرەڵڵا لە ئەستۆ پارێزگار و لیژنەیەکە، کە لە فەرمانگە پەیوەندارەکان پێکدێت لە: ژینگە، تەندروستی، شارەوانی، پۆلیس و نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری.
دکتۆر محەممەد عەزيز مەیاحی، باس لەوەدەکات چوار رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سەگانە هەیە: کوشتن بە چەک، ژەهرخواردکردن، خەساندن و دروستکردنی شەڵتەر بۆیان. دەڵێت: "ئەمەی دواییان کارێکی سەختە، پێویستی بە پارەیەکی زۆر، دابینکردنی شوێن و بەردەوامیدانە ئەوەش لەوکاتەدا ناکرێ.
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری پارێزگای زیقار گوتی: "دوای پەلاماردانی ئەو 11 منداڵەی گەڕەکی ئور، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە پارێزگای زیقار کرا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندارەکان، بڕیاردرا بە کڕینی مادەی ژەهر بۆ لەنێوبردنی ئەو سەگانە. هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو سەگانە، هەفتەیەکە دەستیپێکردووە، تائێستا زیاتر لە 600 سەگ بە ژەهر لەنێوبراون، هەڵمەتەکەش بەردەوامە".
عەقید مەیسەم شەهاب مشرفاوی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسیی پارێزگای زیقار، رۆژی یەکشەممە 23-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هێزەکانی پۆلیس لە هەڵمەتەکە بەشدارن، لە شوێنەکان ژەهر بۆ سەگە بێلانەکان دادەنرێ. گوتیشی: "تەنیا لە یەک رۆژدا 285 سەگ بە ژەهر لەنێوبراون".
لایەنە حکومییەکان مەزەندە دەکەن، زیاتر لە 500 هەزار سەگی بێلانە لە عێراق هەبن، کە زیاتر لە 150هەزاریان لە بەغدان.