بۆ دابەشکردنی لیوا هاوبەشەکان پێشمەرگە و بەرگریی عێراق کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ تاوتوێکردنی پرسی دابەشکردنی هێزەکانی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری، ئەمڕۆ لە بەغدا "کۆبوونەوەیەکی گرنگ" دەکرێت. پێشبینیش دەکات تاوەکو مانگێکی دیکە ئەو هێزانە بەسەر ناوچەکاندا دابەشبکرێن.
 
عەمید روکن عادل جەبار زەنگەنە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مەبەست لە کۆبوونەوەکە یەکلاییکردنەوە و دابەشکردنی ئەو هێزانەیە کە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەشدا لەنێوان پێشمەرگە و بەرگریی عێراق یەکخراونەتەوە.
 
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی وەزارەتی پێشمەرگە: "ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی بۆ دابەشکردنی ئەو هێزانە و دیاریکردنی ئەرکەکانیان دەدرێت، چونکە ئەو هێزانە پڕچەککردنیان تەواو بووە، بودجەیان بۆ تەرخانکراوە و راهێنانیشیان کردووە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا بڵاوکردنەوەیانە."
 
کۆبوونەوەی ئەو لایەنە سەربازییانەی هەرێمی کوردستان و عێراق دوای هێرشەکانی مانگی رابردوو و ئەم مانگەی چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە و بەغدا دێت، کە زیاتر لە چوار کوژراو و 15 برینداری لە سوپای عێراق لێکەوتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوای لە سەرباز و پێشمەرگەکانی لیوای 20ـی هاوبەشی عێراق کرد، لە رۆژی شەممەوە، 2-12-2023، پەیوەندیی بە سەنتەرەکانی راهێنان لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و نەینەوا بکەن بۆ ئەوەی دەستبەکارببن و دواتر دەست بە مەشق و راهێنان و پڕچەککردن و دواتر بڵاوکردنەوەیان بکرێت.
 
مانگی ئابی ساڵی 2021 وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە کە بۆشایی ئەمنین و داعش سوودیان لێوەردەگرێت، کە نزیکەی 560 کیلۆمەتر دەبێت.
 
هێزە هاوبەشەکە لە لیوای 20ـی پێشمەرگە و لیوای 66ـی سوپای عێراق پێکدێن. سەرپەرشتیاری یەکێک لە لیواکان کورد دەبێت و جێگرەکەی عەرەب دەبێت، ئەوی دیکەشيان فەرماندەکەی عەرەب بێت و جێگرەکەی لە نەتەوەی کورد دەبێت.
 
لیوای 20ـی هاوبەش زیاتر لە 3,700 پێشمەرگە دەبن و مووچە و پڕچەککردنیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراقە.