مووچەی حەشدی شەعبی زیادیکردووە و پارەی کڕینی چەکەکانیان کەمیکردووە

23-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بودجەی حەشدی شەعبی بۆ ساڵی 2024 زیاد دەکرێت، بە تەنیا مووچەکانیان نزیکەی 400 ملیار دینار زیادیکردووە، لەبەرامبەردا کڕینی چەک و تەقەمی بۆ ئەو هێزە کەمیکردووە، پەرلەمانتارێک دەڵێت، "بەدواداچوونی ورد بۆ ژمارەکانی خشتەکانی بودجە دەکەین."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق کە ئێستا لە پەرلەمانە، کۆی گشتیی بودجەی حەشدی شەعبی بەراورد بە ساڵی رابردوو 77 ملیار و 908 ملیۆن دیناری زیادی کردووە.
 
خەرجییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی لەنێو خشتەی خەرجییەکانی ساڵی 2024، "مووچەی کارمەندان، خزمەتگوزاریی، شمەک، چاککردنەوە، بەخشین و یارمەتییەکان و شتی دیکە" لەخۆدەگرێت. 
 
لە بودجەی ساڵی 2024ـی حەشدی شەعبی، بە نزیکەی 400 ملیار دینار مووچەی کارمەندانی ئەو هێزە زیادیکردووە، بەڵام کڕینی چەکیان بە زیاتر لە 317 ملیار دینار کەمیکردووە.
 
بەراوردی مووچە و خەرجییەکانی حەشدی شەعبی لەنێوان 2003 و 2024دا: 
 
- کۆی بودجە: 
 
ساڵی 2023: چوار تریلیۆن و 478 ملیار و 703 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: چوار تریلیۆن و 556 ملیار و 611 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 77 ملیار و 908 ملیۆن دینار (زیادیکردووە)
 
- مووچە:
 
ساڵی 2023: سێ تریلیۆن و 468 ملیار و 754 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: سێ تریلیۆن و 868 ملیار و 194 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 399 ملیار و 440 ملیۆن دینار (زیادیکردووە)
 
پڕچەککردن:
 
ساڵی 2023: 564 ملیار و 300 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: 246 ملیار و 500 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 317 ملیار و 880 ملیۆن دینار (کەمیکردووە)
 
-پێداویستیی شمەک:
 
ساڵی 2023: 108 ملیار و 148 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: 95 ملیار و 732 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 12 ملیار و 416 ملیۆن دینار (کەمیکردووە)
 
- پێداویستیی خزمەتگوزاری: 
 
ساڵی 2023: 56 ملیار و 521 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: 38 ملیار و 521 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 18 ملیار دینار (کەمیکردووە)
 
-چاککردنەوە:
 
ساڵی 2023: 114 ملیار و 578 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: 33 ملیار و 262 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 81 ملیار و 315 ملیۆن دینار (کەمیکردووە)
 
-بەخشین و یارمەتی و سوود و خەرجییەکانی دیکە جگە لە قەرز:
 
ساڵی 2023: 22 ملیار و 33 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: 22 ملیار و 33 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 0 (نەگۆڕاوە)
 
بەپێی خشتەکانی بودجە بۆ ساڵی 2024، حەشدی شەعبی  238 هەزار و 75 ئەندامی هەیە. 
 
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجەی حەشدی شەعبییەوە بە رووداوی گوت، "زیادبوونی بڕی تەرخانکراو بۆ مووچەی حەشدی شەعبی بەهۆی گەڕاندنەوەی بەشێکیانە کە پێشتر دەرکرابوون، لەگەڵ زیادبوونی دامەزراندن لە چەند بەشێکیاندا." گوتیشی، "ئێمە بەدواداچوون بۆ سەرجەم ژمارەی نێو خشتەکان دەکەین."
 
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 و بە فەتوایەکی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکان دوای گرتنی موسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش لە حوزەیرانی 2014 دامەزرا. 
 
حەشد ژمارەیەک گرووپی چەکدارن و بەفەرمی سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن، بەڵام بەشێکیان پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنەکە و سەرۆکوەزیرانیش نابن و لە وڵات و شوێنی دیکەوە فەرمان وەردەگرن، زۆرجار بە هۆکاری پشێوی نانەوە تۆمەتباردەکرێن وەکو ئەوەی بەشێک لەو گرووپانە پێشتر چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر هێزە بیانییەکان بە تایبەتی لە هەولێر، بەغدا و ئەنبار.
 
لە ساڵی 2016 حەشدی شەعبی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەکو هێزێکی چەکدار ناسێنرا و لە پاڵ سوپای عێراق بووەتە هێزێکی فەرمی، زۆر جار بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە ژمارەی راستەقینەی هێزەکانیان دەشارنەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.