رووداو دیجیتاڵ
لە پێنج مانگی ئەمساڵدا پێنجەم جارە ئەندامانی ئەنجوومەنی عەرەبی و بەرەی تورکمانی راگەیێندراوی هاوبەش دژی رێکارەکانی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن بڵاودەکەنەوە. لە راگەیێندراوی ئەمڕۆیاندا دەڵێن، "ئۆفیسی کەرکووک فەرمانبەرانی عەرەب و تورکمان دوور دەخاتەوە و کورد دەستی بەسەر ئۆفیسەکەدا گرتووە."
حاتەم تائی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی عەرەبی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "داواکارین لە بەڕێزان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، هەڵەکانی ئۆفیسی کەرکووک چاک بکەنەوە و کۆتایی بە دەستبەسەرداگرتنی پێکهاتەیەک بهێنن بەسەر ئۆفیسەکەدا."
بەرەی تورکمانی دەڵێت، ئەوەی خواستیان لەسەری بوو لەنێو یاسای هەڵبژاردنی کەرکووک جێی کراوەتەوە، بەڵام ترسیان لەوە هەیە هەنگاوەکانی دواتر بەدڵی ئەوان جێبەجێ نەبێت.
قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی بە رووداوی گوت، "داواکارییەکمان هەبوو بۆپێدانی تایبەتمەندی بە کەرکووک لەو یاسایە و ئەوە کرا، لەگەڵ ئەوەش هەندێک تێبینیی بچووکمان لەسەری هەیە، ئێستا یاساکە ئامادەیە و گەیشتووەتە ئۆفیسی کەرکووک و دەبێ بڕگەکانی جێبەجێ بکەن."
ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆن رەتیدەکاتەوە هیچ گۆڕانکارییەک بۆ بەئامانجگرتنی پێکهاتەیەک کرابێت و دەشڵێت، "هەندێک گۆڕانکاریی کارگێڕی جێبەجێکراون، هەر فەرمانبەرێک لاببرێت، لە شوێنەکەی فەرمانبەرێکی دیکە لە هەمان پێکهاتە دانراوەتەوە."
یەکێتی کە لە سەرەتاوە رازی نەبوون بەو یاسایەی بۆ هەڵبژاردنی کەرکووک لە پەرلەمان دەرکرا، ئێستا لە دادگەی فیدراڵیی عێراق تانەیان لێیداوە تاوەکو ئەو بڕگانەی چاکبکرێن کە دژی خواستی ئەوانە.
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتاوە تێبینی لەسەر ئەم یاسایە هەبووە و تانەمان لێیداوە، لەبەر ئەوەی پێمان وایە مافی کورد دەخوات نەک یەکێتی بە تەنیا. تانەمان لێیداوە و هیوادارین ئەو تانەیە جێی خۆی بگرێت، نامەوێ بە ناوی ئەوانەوە قسە بکەم، بەڵام پێموایە پارتیش خەریکە ئەوەی لاگەڵاڵە دەبێت کە ئەو یاسایە خراپە."
ئەگەرچی کورد پێش عەرەب و تورکمان خواستی لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا هەیە بۆئەوەی کۆتایی بەو ئیدارە کاتییە بهێنێت، بەڵام نە لەسەر یاساکە و نە لەسەر یەک لیستی لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان بەدیناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ