ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە بودجەدا کەمکراوەتەوە

24-05-2023
هەستیار قادر
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
نیشانەکردن بودجەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا کەمکراوەتەوە. جەمال کۆچەر ئەمەی بە رووداو گوت، حکومەتی عێراق لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە و پاسەوانانی سنووریشی هەر لەسەر ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەژمارکردووە، کە ژمارەی هەموویان شەش هەزار و 553 کەسە و پارەی مانگانەی ئەم ژمارە زۆرەی مووچەخۆرانیش دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان.
 
ئەوانەى داواکاریی پاسەوانى سنووریان لە هەرێمى کوردستان پێشکێشکردووە، چاوەڕێى پەسندکردنى بودجەى گشتیی عێراقن، لیوا هاوبەشەکانیش، کە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی ناوچە کێشەلەسەرەکان پێکدەهێندرێن، لەهەمان چاوەڕوانیدان.
 
ژمارەى پێشمەرگە لەو دوو لیوا هاوبەشەى ناوچە کێشەلەسەرەکان 3 هەزار و 692 پێشمەرگەیە بە هاوبەشی لەگەڵ سەربازانى سوپاى عێراق، هاوکات دوو لیواى پاسەوانیی سنوور لە هەرێمى کوردستان پێکدەهێندرێت، کە ژمارەیان دوو هەزار و 861 کەسە. ئەو لیوایانە لەسەر وەزارەتى بەرگریى عێراق دەبن و لەوێوە مووچە وەردەگرن.
 
سەگڤان سندى، جێگرى دووەمى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق دەڵێ "لیوای 20 چووەتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەو هیچ کێشەیەکی نییە، دوای ئەوەی بودجە تەواو دەبێت دەستبەکار دەبێت. پاسەوانانی سنووریش ئەو ژمارەیەی کە گوترا، ئەویش کێشەی لەسەر نییە و دوای (پەسندکردنی) بودجە، ئەوانیش رێکخستنیان تەواو دەبێت و هیچ کێشەیان نییە، بابەتی لیوای 20 و پاسەوانانی سنوور، هیچ کێشەیان نییە".
 
یەکێک لەو پرسانەى تائێستا لەنێو لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقدا جێگەى مشتومڕە، ژمارەى ئەوانەیە کە لەو لیوایانە دادەمەزرێندرێت و ئەگەرى گۆڕانکارى لە ژمارەکانیاندا هەیە.
 
ژمارەى کارمەندانى ئەو لیوایانە کێشەى بۆ ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە بودجە دروست کردووە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە رووداوى راگەیاند "کۆى ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کە لە حکومەتى فیدراڵیدا تۆمارکراوە، 681 هەزار و 979 فەرمانبەرە، بەڵام لەنێو پڕۆژەیاساکەدا ژمارەى ئەوانەى لێ دەرکراوە کە لە لیوا هاوبەوشەکان و پاسەوانى سنوور لە هەرێمى کوردستاندا دادەمەزرێندرێن لەگەڵ ئەوەى ئەو هێزانەی مووچە لە حکومەتى فیدراڵى وەردەگرن، بەوەش ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کەم کردووەتەوە".
 
وردەکارى پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراقدا هێشتا لە پەرلەمان یەکلانەبووەتەوە، بەشێک لە ئەندامانى لیژنەى دارایی مەرجیان لەسەر خەرجکردنى پارەکە هەیە، نەک لەسەر بڕەکەى کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.