سەڵاحەدین بەهائەدین پاڵپشتیی خۆی و فراکسیۆنی یەکگرتووی بۆ بەربژێربوونی بەرهەم ساڵح دووپاتکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی نزیک لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستیکەوتووە، سەڵاحەدین بەهائەدین پشتیوانیی خۆی و فراکسیۆنی یەکگرتوو کە لە چوار پەرلەمانتار پێکدێت، بۆ بەرهەم ساڵح، وەک بەربژێری کورد بۆ سەرۆککۆماری عێراق دووپاتکردووەتەوە.
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، رۆژی دووشەممە 23ی ئایاری 2022 شاندێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەگەڵ د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق كۆبوونەوە و باسیان لە دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکان کردووە.
بەپێی گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، سەڵاحەدین بەهائەدین هیوایشی خواستووە کە لایەنە کوردییەکان لەسەر یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رێکبکەون.
لە راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراقدا هاتووە، لە دیدارەکەدا جەخت لە "پتەوکردنی سازان و یەکڕیزی و ھێنانەئارای بەرکەوتە دەستووری و نیشتمانییەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی لەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەنێوان لایەنەکان بە گیانی بەرپرسیارێتی بە ئاراستەی ھێنانەدیی داوا رەواکانی خەڵک و باشترکردنی بژێوی ژیان و جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان لەڕێگەی پێکهێنانی حکومەتێکی بەتوانای کاریگەر" کراوەتەوە.
هەروەها نووسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، باس لەوە کراوە، "هاووڵاتییان بە قورسی باجی قەیرانەکان دەدەن و لەوبارەوە جەختکرایەوە کە پێویستە بە لەیەکتێگەیشتن چارەسەر بدۆزرێتەوە."
نووسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری یەکگرتوو دەڵێت، "هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی کۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی پێویستییەکی حەتمیی قۆناخەکەیە، چونکە رووداوەکانی ئەم قۆناخە لە ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی جیاوازە لە هەر قۆناخێکی دیکە."
هاوکات هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە، باشترکردنی ژیانی خەڵک "گرنگە بۆ ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئابووری، بە دڵنیاییەوە هاووڵاتییان شایەنی هەموو خزمەتێکی باشن."