پێنتاگۆن: داوا لە عێراق دەکەین هێزەکانمان لە هێرشی هێزەکانی نزیک لە ئێران بپارێزێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەڵێت، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دوو هێرشیان بۆسەر هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا ئەنجام داوە.
رۆژی سێشەممە 23-04-2024 پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پێنتاگۆن رایگەیاند، "لە 22ی نیساندا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، دوو هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کە هیچیان سەرکەتوو نەبوون."
گوتەبێژی پێنتاگۆن هەروەها گوتی، "هیچ سەربازێکی ئەمریکی بەهۆی هێرشەکانەوە زیانی بەرنەکەوت." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوە یەکەم هێرشە بکرێتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە 4ی شوباتەوە.
پات رایدەر باسی لەوەش کردووە، "ئەو هێرشانە هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی عێراق دەخەنە مەترسییەوە. عێراق هاوپەیمانێکی گرنگە و بە بەهاوە تەماشای هەڵوێستیان دەکەین، کاتێک باس لە مەترسییەکانی ناوچەکە دەکرێت. داواش لە حکومەتی عێراق دەکەین هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا."
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن هۆشداریشی دا و گوتی، "ئەگەر ئەو هێرشانە بەردەوام بن، ئێمە دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە هێزەکانمان، هەروەکو لە رابردوودا پیشانمان داوە."
بەگوێرەی ئاماری پێنتاگۆن، لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمی پارەوە، لانیکەم 175 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا.
لە 28ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکییەکان لە ئوردن، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران. لە 2ی شوباتدا، ئەمریکا وەڵامی ئەو هێرشەی دایەوە و 85 پێگەی گرووپە نزیکەکانی ئێرانی لە عێراق و سووریای کردە ئامانج.