لە مزگەوتی گەیلانیە شەڕ دروست دەبێت؛ گوتارخوێنەکەی بە هەوڵدان بۆ کردنی بە حوسێنییە تۆمەتبار کراوە

24-04-2024
زیاد ئیسماعیل
مزگەوتی گەیلانیە لە بەغدا
مزگەوتی گەیلانیە لە بەغدا
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

ماوەی سێ رۆژە، شەڕ و ئاژاوە لە مزگەوتی گەیلانیە هەیە. مزگەوتەکە دەکەوێتە ناوچەی زەعفەرانییەی بەغدا. ناکۆکییەکە لەنێوان پەیڕەوانی شیعە و سوننەیە. هەندێک لە سوننە مەزهەبەکانی گەڕەکەکە پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە، کە سوننەشە، تۆمەتبار دەکەن بەوەی دەیەوێت مزگەوتەکە بگۆڕێت بۆ حوسێنییە، بەڵام ئەو رەتی دەکاتەوە.
 
لە دوایین کاردانەوەش نۆ کەس بە شەق و دار هەڵدەکوتنە سەر ماڵی مەلای مزگەوتەکە. شێخ ئیبراهیم محەممەد هیتی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گەیلانیە دەڵێت، "تۆمەتەکانیان دوورە لە راستی. ئایا پێشنوێژ جوێن بە ئیمام کازم دەدات؟ ئایا ئەمە جائیزە؟ ئیمام مزگەوت دەگۆڕێت بۆ حوسێنییە؟! چیتان دەوێت؟! لە مزگەوت هاتنە دەرەوە بە شەق و دار لە دەرگای ماڵەکەمیان داوە. ناچار بووم بۆ رزگاربوون پەنا بۆ خەڵکی زەعفەرانیەی بەڕێز، ئەو هێزەی ئێرە دەپارێزێت، ئاسایش و هەواڵگری ببەم، بۆ پارێزگاریکردن لە مزگەوت، خەڵکی خێرخواز هاتن."
 
بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە، کە نەیانویست لەبەردەم کامێرا دەربکەون، دەڵێن، لە مزگەوتەکەیان بەشیعەکردن زیادیکردووە. توربە، کە لەکاتی کڕنوشبردندا سەری دەخەنەسەر و ئەو کەرەستانەی شیعەکان بەکاریدەهێنن، لەنێو مزگەوتەکەدا زۆر بوون.
 
موئەیەد سوبحی، دانیشتووی زەعفەرانییە و شيعە مەزهەب دەڵێت، "دوای دەستدرێژیکردن و جوێندان، داوا و تکامان لێکردن کەس جوێن نەدات، ئێمە لە ماڵی خوداین، بەبێ دەستدرێژی کردن، بۆئەوەی کەس مافی ئەوەی دیکە نەخوات، دواتر رووداوەکە روویدا. نابێت، ئەمە ماڵی خودایە، رێزی خۆی هەیە، پێویستە ئێمە بەرگریی لێ بکەین."
 
ئەبو ئوسامە جۆرانی، نوێژخوێن لە مزگەوتی گەیلانییە و سونە مەزهەب ئاماژەی بەوە کرد، "قسە لەملا و ئەولا دروست بوو، کێشەکە گەورە بوو، ئیشەڵڵا بابەتەکە ئاسانە و قورس نییە، ئەم مزگەوتە مزگەوتێکی کۆنە و بۆ هەموو خەڵکێکە، جا سوننە بێت یان شیعە، هیچ ناکۆکییەکمان نییە."
 
بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی کێشەی نێوان شیعە و سوننەکانی گەڕەکەکە، پۆلیسی فیدراڵی هێزێکی خۆی بۆ پاسەوانیکردن لە مزگەوتەکە ناردووە.
 
ئەو شیعانەی لەنێو ئەو مزگەوتە نوێژ دەکەن، بە دەستە توربە دەهێنن، بەشێک لە سوننەکانیش دانە دانە فڕێی دەدەنە نێو باخچەکە. لە رووکەشدا کێشەکە لەسەر ئەو توربەیە، بەڵام لە نێوەڕۆکدا جیاوازیی مەزهەبە، کە وایکردووە لەنێو ئەو مزگەوتەدا شەڕە بۆکس دروست ببێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە