ئەردۆغان لە بەغدا داوای رووبەڕووبوونەوەی پەکەکەی کرد

23-04-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. وێنە: AFP
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 13 ساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە کۆمەڵێک دۆسیەوە جارێکی دیکە سەردانی بە‌غدای کرد و بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

 

پرسە سەرەکییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، لەسەرووی هەمووشیانەوە پرسی ئەمنی و رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە بوو. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی "باسمان لە هەنگاوی هاوبەش کرد لەدژی رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکە و گرووپەکانی دیکە کە لە خاکی عێراقەوە، تورکیا دەکەنە ئامانج. ناساندنی پەکەکە وەکو رێکخراوی قەدەخەکراو لە عێراق، لەلایەن ئێمەوە بە سوپاسگوزارییەوە پێشوازی لێکرا. باوەڕی بەهێزم هەیە کە ئەگەر بە فەرمی بە تیرۆریست بناسرێت، لە کەمترین ماوەدا لە خاکی عێراق نامێنێت و ئەمەم بە هاوتاکەم راگەیاند. "
 
لە بەغدا، شاندی باڵای تورکیا و عێراق، 26 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد. کە چواریان لە بواری سەربازی و ئەمنیدا بوون،  ئەوانیش را‌هێنانی سەربازی، مەشق لە بواری پزیشکیی سەربازی، لێکتێگەیشتنی ستراتیژی لەنێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و تورکیا هەروەها هاوئاهەنگیی ئەمنی بوون.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی "ئێمە، سوورین لەسەر ئەوەی رێگە بە هیچ هێزێک نەدەین خاکی عێراق بەکاربهێنێت لەدژی وڵاتانی دراوسێ، هەروەک چۆن خاکی خۆمان بە پیرۆز دەزانین و رێگەنادەین پێشێلی سەروەریی خاکمان بکرێت."
 
لەدوای رۆژێکی پڕ لە کار و کۆبوونەوە و لەگەڵ گەڕانەوەی ئەردۆغان و شاندە باڵاکەی بۆ ئەنقەرە، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کرا. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە