راپۆرتی ساڵانەی ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان خراپتر بووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەیدا تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە رایگەیاندووە "دۆخی مافی مرۆڤ خراپتر بووە."
لە راپۆرتەکەدا کە رۆژی دووشەممە، 22-04-2024 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "بەهۆی زیادبوونی سنووردارییەکانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بۆ ئازادییە بنەڕەتییەکان و کەشی مەدەنی، لە ماوەی ساڵی رابردوودا دۆخی مافەکانی مرۆڤ خراپتر بوون."
بەپێی راپۆرتەکە، هێرشی پچڕپچڕ لەلایەن چەکدارانی داعش؛ شەڕی پچڕپچڕی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و داعش لە ناوچە دوورە دەستەکان؛ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە عێراق؛ بوونی میلیشیاکان کە بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نین، لەوانەش هێزەکانی نزیک لە ئێران و تووندوتیژی تائیفی و نەتەوەیی "زیاتر بوون".
لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا، لەبەشی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق 75 جار ناوی هەرێمی کوردستانی عێراق (IRK) و 87 جار ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) هاتووە.
عێراق و هەرێمی کوردستان؛ زۆربوونی پێشێلکارییەکان
لەراپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە چەندین "پێشێلکاری" دراوە، لەوانە، کوشتنی هەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردن؛ ئەشکەنجەدان و مامەڵەکردنی نامرۆڤانە، مامەڵەی تووند لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە؛ بارودۆخی مەترسیدار و سەختی نێو زیندانەکان؛ دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی.
بەشێکی دیکەی پێشێلکارییەکان کە باسکراون، بریتین لە: لە هێرشکردن و زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل، تووندوتیژی یان هەڕەشەکردن لەرۆژنامەڤانان، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەڤانان؛ سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت؛ دەستوەردانی بەرچاو لە ئازادیی گردبوونەوە و کۆبوونەوە. گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەکانی ناوخۆ بۆ ئەو شوێنانەی کە رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە بۆ سەر ژیان و ئازادییان.
بە گوێرەی راپۆرتەکە پێشێلکاریی دیکەش کراون، لەوانە: "تووندوتیژی بەرفراوان لەسەر بنەمای جێندەری، لەوانەش تووندوتیژی خێزانی و جۆرەکانی دیکەی تووندوتیژی وەکو ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە پێکهاتەکانی دیکە دەکرێن. تاوانەکانی تووندوتیژی یان هەڕەشەی تووندوتیژی لە کەسانی لەشفرۆش، هاوڕەگەزخوازەکان."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکان و دەڵێت: "حکومەت هەندێک هەنگاوی ناوە بۆ لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و سزادانی ئەو بەرپرسانەی کە تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ". هەروەها "حکومەت تۆمەتبارانی داعشی دادگایی کردووە و هەندێک لەوانەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سزاداوە."
راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەنگاوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە "گەورە" ناوبردووە، بەوەی مەشق و راهێنانی بە 400 پێشمەرگە و کارمەندی کرد لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی جێندەری و پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە لە مانگی تەممووزی رابردوو، سێ بەرپرس لە هەرێمی کوردسان کوژراون. لەوانە محەممەد میرزا لە رێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە زاخۆ کوژرا. دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پەکەکەی تۆمەتبار کردووە بە کوشتنی، بەڵام ئەوان ئەو تۆمەتەیان رەتکردووەتەوە.
هەر لەو مانگەدا، چەکداری نەناسراو، دوو ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان کوشت و یەکێکی دیکەشیان بریندارکرد.
لەمانگی ئاداری رابردوو، کاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی، رایگەیاند هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە.
عێراق؛ 'وڵاتی بێسەروشوێنبووەکان'
بەگوێرەی راپۆرتەکە، رێکخراوی روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاندووە نزیکەی 12 هەزار خێزانی عێراقی، بێسەروشوێنبوونی کەسێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2023 تۆمار کردووە.
خاچی سووری عێراقی رایگەیاندووە لەشەش مانگی یەکەمی پاردا، 994 داواکاریی پێشکێشکراوە بۆ گەڕان بەدوای کەسانی ونبوودا. چارەنووسی 171 کەسیان یەکلابوویەوە و 5یشیان بە خێزانەکانیان شاد بوونەوە.
لەحوزەیرانی 2023، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ) داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد هەنگاوی پێویست بنێن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی 643 پیاو و گەنج کە لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە لە حوزەیرانی 2016 لەمیانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەلوجە بێسەروشوێن بوون.
"دۆخی زیندانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان خراپە"
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، لە ئابی رابردوو لە راپۆرتتێکدا، رایگەیاند لەنێو زیندانەکانی عێراق، هەفتانە کەیسی کوشتن، ئەشکەنجەدان هەیە بەتایبەتی لە زیندانەکانی هوت لە زیقار و زیندانی رەسافە و حیلە. هەروەها ئاماژە بە کەیسی خۆکوشتن لەنێو زیندانییەکان کراوە.
راپۆرتەکە باس لە کەیسی نازلیا مەعروفیان دەکات، کە رۆژنامەڤانێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو رۆژنامەڤانە رایگەیاندووە لە یەکێک لە زیندانەکانی سلێمانی 13 رۆژ ئەشکەنجەدراوە.
هەروەها راپۆرتەکەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، زیندان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە دۆخی خراپدان بەهۆی نەبوونی خۆراکی پێویست، قەرەباڵخی زیندانییەکان ، ئەشکەنجەی جەستەیی و پیسی زیندانییەکان و چاودێری تەندروستی و مەترسی گواستنەوەی نەخۆشییەکان.
نیسانی 2023، وەزارەتی داد رایگەیاند بەدەست قەرەباڵخی زیندانییەکانەوە دەناڵێنن و زۆربەیان 300٪ قەرەباڵخن. وەزارەتەکە بەڕێوەبەری بەندیخانەی رەسافەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە دوای ئەوەی رایگەیاندبوو 400٪ زیندانەکان قەرەباڵخن.
بەگوێرەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوار هەزار و 922 کەس لە گرتووخانەکانن، کە 181یان نێوجەوانن.
لە هەرێمی کوردستان بە هەمانشێوە ژمارەی گیراوان زۆر زیاتربوون لە رووبەری زیندانییەکان و رێژەی قەرەباڵخی نێو زیندانییەکان 157٪ بووە. لەهەندێ کاتدا، زیندانیانی نێوجەوانان لەگەڵ گەوران دانراون.