قەیس خەزعەلی: بنەچەی سەدام حوسێن هیندییە


رووداو دیجیتاڵ 

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهل حەق لە گوتارێکدا دەڵێت، "پشکنینی (DNA) بۆ سەدام حوسێن کراوە و دەرکەوتووە بنەچەی بۆ هیندستان دەگەڕێتەوە و هیندییە"، قسەکەی لە سۆشیاڵمیدیا بووەتە بابەتی گەرمی عێراقییەکان، زۆر بەکارهێنانی هاشتاگی "سەدامی هیندی" بووە ترێند لە تویتەر، یەکێک نووسیویەتی، "بەڵێ برای ئەمیتاب باتچانە." گوتەبێژی هۆزی ئەلبوناسری هۆزی سەدام حوسێنیش دەڵێت، "قسەکانی درۆن، با بیسەلمێنێت و پشکنینەکە بڵاوبکاتەوە." 
 
لە گوتاری نوێژی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ کە شیعەکانی عێراق رۆژی شەممە 22-4-2023یان بە یەکەم رۆژی جەژن دیاریکرد، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق، باسی سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراقی کرد و لەبارەی رەچەڵەکییەوە قسەیەکی کرد کە ئێستا بەهۆی زۆر بەکارهێنانەوەی بووەتە مژاری سۆشیاڵمیدیا، هەندێک بەگاڵتەجاڕییەوە کۆمێنتیان بۆ نووسیوە و باسیان کردووە، بەشێکی دیکەیان پشتیوانی لە قسەکانی خەزعەلی دەکەن.
 
قەیس خەزعەلی لە گوتارەکەیدا لەنێو ژمارەیەک لە لایەنگرانی عەسائیب وەها باسی عێراقییەکانی کرد "ئێمە میلەتێکی رەسەنین، میلەتێکی فڕێدراو نیین وەکو هەندێک لە کۆمەڵگەکان کە ئێستا بوون بە وڵاتانی زلهێز، ئێمە گەلێکی رەسەنین و هەزاران ساڵی درێژکراوەی لەسەر ئەم خاکە هەیە، لە وڵاتانی دیکەشەوە هاوردەنەکراوین وەکو چۆن سەدامی رووخێنەر بانگەشەی بۆ دەکرد کاتێک دانیشتووانی رەسەنی ئەم وڵاتەی بەوە تۆمەتبار کرد لە هیندستانەوە هاتوون، بەڵام دوای کە هەڵسان بە شیکاری DNA دەرکەوت ئەو لە هیندستانەوە هاتووە." 
 
هەروەها دەڵێت، "ئەمە گەلێکی رەسەنە و ریشەیەکی لە قوڵایی مێژوو هەیە، بەوپێیە دابونەریت و ئایین و بیروڕا و مێژوو و شارستانی و زمان و جلوبەرگی خۆی هەیە، کۆکراوەی هەموو ئەو شتانە ناسنامەی کولتوورییەتی."
 
ئەو قسانەی خەزعەلی کە بۆ یەکەمجارە و هێشتا سەرۆک و هۆزەکەی سەدام حوسێن وەڵامیان نەداوەتەوە، یەکەمجارە لەلایەن سەرۆکی حیزبێکەوە ئەم قسەیە دەکرێت، قسەکانیشی پشتبەستە بە راپۆرتێکی رۆژنامەوانیی ساڵی 2017ـی گۆڤارێکی تۆڕی راگەیاندنی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو بنەچەی سەدام هیندییە.
 
کەسێک لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، "بەپێی ئەحمەد بەنداوی، کەعبی کە رەچەڵەکناسە ئەوەی شێخ خەزعەلی دەیڵێت راست و تەواوە و کتێبە عەرەبییەکانی کۆنی تایبەت بە رەچەڵکناسیی باسیان لەوە کردووە هۆزی نەدای سەدام حوسێن لە بنجابی هیندستانەوە هاتووە، ئەو برای ئەمیتابە، سەدامی هیندی."
 
ژمارەیەک توێژەری عێراقی کە بایەخ بە بنچینە و رەچەڵەکی گەلان دەدەن، باسیان لەوەکردووە کە بنەچەی عەشیرەتی نەدا هیندۆ-ئارییە، بەڵام هێشتا دروستیی ئەو قسەیەیان بە توێژینەوەی ورد و تەواو یەکلایی نەکراوەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 23-4-2023، ریاز حوسێن، گوتەبێژی عەشیرەتی ئەلبوناسری عەشیرەتی سەدام حوسێن، لەبارەی قسەکانی قەیس خەزعەلییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەدام حوسێن خۆی و باوک و دایک و هەموو کەسوکارییان لە تکریت بوون و ئێستاش کەسوکارەکەی لەوێ ماونەتەوە و بنچینەمان لە عێراقە و ئێمە هۆزێکی گەورەین و ئەو قسانەی خەزعەلی کردوویەتی هەمووی درۆیە و ناڕاستە، با بۆمان بسەلمێنێت و بزانین ئەو پشکنینە کەی کراوە و بۆچی ئەنجامەکەی بڵاوناکەنەوە."
 
ریاز حوسێن روونیشیکردەوە، "هیچ عێراقییەک باوەڕ بەقسەی ئەوان ناکات، ریشەی هۆزەکەی ئێمە لەم وڵاتە سەدان ساڵە سەیرمان لەو قسانەی قەیس خەزعەلی دێت."
 
سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە 28ـی نیسانی 1937 لە گوندی عوجەی تکریت لە پارێزگای سەلاحەدین و لە تیرەی ئەلنەدای سەر بە هۆزی ئەلبوناسرە لەدایکبووە، دوای زیاتر لە 35 ساڵ مانەوە لە دەسەڵات و حوکمڕانیی عێراق، دوای بڕیاری لەسێدارەدان بەهۆی ئەو تاوانانەی کردبوونی، رۆژی 30-12-2006 لە بەرەبەیانیی یەکەم رۆژی جەژن لەسێدارەدرا.