لەبارەى دەنگۆى "هەوڵى کرێکارە سووریاییەکان" بۆ ژەهرخواردنى عێراقییەکان روونکردنەوە دەدرێت

23-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
لە رۆژی هیوا جەمال بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە کراوە
لە رۆژی هیوا جەمال بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە کراوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا رەتیکردەوە هۆشداری دابێت لەوەی کارمەندانى سووریایى چێشتخانەکان، پلانیان دانابێت لەیەک کاتدا ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە ژەهرخوارد بکەن، کە سەردانى چێشتخانەکان دەکەن.  
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە 23ـی ئادارى 2024) فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا روونکردنەوەیەکى لەبارەى بەڵگەنامەیەک بڵاوکردەوە، کە گوایە ئەو فەرماندەییە بۆ هۆبە و لقەکانی ناردووە.
 
ئەو فەرماندەییە رایگەیاند، "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک لە راگەیاندنەکان دەنگۆى ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە؛ گوایە نووسراوێک لە فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنەکانى بەغداوە دەرچووە کە ئەو کارمەندە سووریاییانەى لە چێشتخانەکانى عێراق کاردەکەن، پلانیان داناوە لەیەک کاتدا ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە ژەهرخوارد بکەن کە سەردانى چێشتخانەکانیان دەکەن، بۆ شڵەژاندنى دۆخى ئەمنى لە عێراق". 
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا دەڵێت "ئەو هەواڵە ناڕاست و بێ بنەمایە".  
 
بڵاوبوونەوەى ئەو بەڵگەنامەیەى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا کە دەڵێت "راست نییە"، دواى چەند کاژێرێک بوو لە دەستگیرکردنى سەتان کرێکارى بیانى لەو شارەدا. 
 
شەممە 22ـی ئادارى 2025، میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو، لە هەڵمەتێکدا لە بەغدا 738 کرێکارى بیانییان دەستگیرکردووە کە سەرپێچیی رێکار و مەرجەکانى مانەوەیان کردووە.
 
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا داواى لە کەناڵەکانى راگەیاندن کرد؛ وردبن لە گواستنەوەى زانیارییەکان و هەواڵ لە سەرچاوە فەرمییەکانى ئەو فەرماندەییەوە وەربگرن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە