پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگا و قەزاکان کۆدەبێتەوە

23-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق بۆ دوو بابەت کۆدەبێتەوە؛ یەکێکیان پەسەندکردنی پێشنیازە یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراقە. 

رۆژی پێنجشەممە، 23-3-2023، پەرلەمانی عێراق کارنامەی کۆبوونەوەی ژمارە 16ـی رۆژی شەممە، 25ـی ئاداری 2023ـی بڵاوکردەوە، کارنامەکە دوو بابەت لەخۆدەگرێت لەوانە دەنگدان لەسەر پێشنیازە یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە 12ـی ساڵی 2018. 
 
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە پەیوەندیی بە دەنگدان هەیە لەسەر قایلبوون یان نەبوونی پەرلەمانتاران لەبارەی وەڵامی ئەنجوومەنی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی، پەیوەست بەو سەرپێچییانەی پێشتر گوایە لەو تۆڕەدا کراون.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لێژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی شەممە ئەو هەشت ماددەیەی لە پێشنیازە یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکاندا پێشکێشکرابوو تەواو دەکرێت و یاسایەکی نوێمان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەبێت کە پشت بە سیستمی سانت لیگۆ 1.7 دەبەستێت، جگە لەوەش چەند گۆڕانکارییەکی دیکە هەن پەسەنددەکرێن."
 
رۆژی دووشەممە، 20ـى ئادار، پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر حەوت ماددەى پڕۆژەیاسای هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کۆى 15 ماددەى پڕۆژەکە دا و کۆبوونەوەکەی بۆ رۆژى 25ـى ئادار هەڵگرت، لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمان 6ـى تشرینى دووەمى 2023ـى وەک رۆژی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پەسند کرد. 
 
هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە پڕۆژەیاساکەدا کراون بە یەک و بەگوێرەى ئەو ماددانەى پەسندکراون، ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە 329 کورسین و ژمارەى کۆتاى پێکهاتەکانیش گۆڕانکارییان تێدا نەکرا کە 9 دانەن. 
 
بەشێکى دیکەى ئەو ماددە و بڕگانەى پەسندکران تایبەت بوون بە شێوازى هەژمارکردنى دەنگەکان کە دەبێت لە سەرجەم بنکەکانى دەنگدان ژماردنى دەنگەکان بە دەستى و ئەلیکترۆنیش بێت. ئەگەریش ژمارەکان جیاواز بوون، ئەو کاتە پشت بە ژماردنى دەستى دەبەسترێت. هاوکات پێویستە لەماوەى 24 کاژێردا ئەنجامى بەرایی دەنگدانى تایبەت و گشتى لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رابگەیێندرێت.
 
دەنگدان لەسەر هەموارى پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان ناڕەزایی بەشێک لە فراکسیۆنە ئۆپۆزیسیۆن و پەرلەمانتارە سەربەخۆکانى لێکەوتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق.

پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری یاسای بودجە کرد کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان کرد. پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، "هەموارەکە بێ ئاریشە تێ ناپەڕێت، بەڵام ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز و جیدی هەیە بۆ تێپەڕاندنی و هەردوو حکومەت لەسەری رێککەتوون".