موقتەدا سەدر داوا لە هەشت بەرپرسى رەوتەکەى دەکات عێراق جێنەهێڵن

رووداو دیجیتاڵ
 
رێبەرى رەوتى سەدر، هەشت بەرپرسی رەوتەکەى ئاگادار دەکاتەوە لەم مانگەدا گەشت بۆ دەرەوەى عێراق نەکەن، بەهۆى چەندین پرس و کۆبوونەوەى "گرنگ".
 
حەسەن عەزارى، سەرۆکى پێشووى فراکسیۆنى رەوتى سەدر لە پەرلەمانى عێراق لە کەناڵى تایبەتى خۆى لە تێلێگرام ئەو بڕیارەى بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر، داوایکردووە ئەو هەشت کەسە لە ماوەى مانگى رەمەزاندا گەشت بۆ دەرەوەى عێراق نەکەن.
 
جگە لە حەسەن عەزارى، ناوى ئەحمەد متێڕى، سەرۆکى دەستەى سیاسى رەوتى سەدر لەو داوایەدا هاتووە، کە نابێت لەوماوەیەدا گەشت بۆ دەرەوە بکات.
 
وەک لە بڵاوکراوەکەى حەسەن عەزاریدا هاتووە، پاساوى ئەو داوایەى موقتەدا سەدر بەهۆى ئەوەیە "کارى گرنگ" هەیە، کە پەیوەندیان بەدۆخى گشتى و تایبەتەوە هەیە. ئەوە جگە لە چەند کۆبوونەوەیەکى چاوەڕوانکراوى گرنگ کە پێویستیان بە ئامادەبوونی ئەو کەسانە هەیە.
 
موقتەدا سەدر ئاماژەى بەوەشداوە، ئەگەر ئەو کەسانە پابەند نەبوون بەو داوایە، ئاگاداریان بکەنەوە بەمەبەستى گرتنەبەرى رێوشوێن لەدژیان.
 
رۆژی 29ـی ئابى 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، واز لە کاری سیاسی دەهێنێت، ئەوەش لەدواى ئەوەى لە 12ـی حوزەیرانى هەمان ساڵ، 73 پەرلەمانتارى فراکسیۆنەکەى لە پەرلەمانى عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە شکستى هەوڵەکانى بۆ پێکھێنانى حکومەت وەک براوەى هەڵبژاردنەکان بەرامبەر بە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان تێیدا بەشدارن.