چاودێریی مافەکانی مرۆڤ: لە عێراق پارێزبەندی بۆ ئەوانە هەیە کە هاوڕەگەزخوازان دەکوژن

23-03-2022
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لە عێراق پارێزبەندی بۆ ئەو گرووپە چەکدارییانە هەیە کە هاوڕەگەزخوازان دەکوژن، ئەشکەنجەیان دەدەن و دەستدرێژیان دەکەنەسەر و دەیانڕفێنن، دەڵێت ئەو تووندوتیژییە لە هەرێمی کوردستانیش هەیە، هێرشدەکرێتە سەر هاوڕەگەزخوازان، بە بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتە ڤیدیۆکانیان هەڕەشەیان لێدەکرێت.
 
چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە حوزەیرانی 2021، ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی 401 کە لە یاسای سزادان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 11 چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤی سەربە رێکخراوی راسان لە سلێمانی دەرکرد، هەرچەند چالاکڤانەکان بە کردەیی دەستگیرنەکراون، بەڵام کەیس و لێکۆڵینەوەکانیان لە دادگە بە کراوەیی ماوەتەوە.
 
سەبارەت بە عێراق، رێکخراوەکە دەڵێت، بەڵگەیان دەستکەوتوون چەکدار هەن لەنێو حەشدی شەعبی کە لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانە، هەوڵی کوشتنی هاوڕەگەزخوازانیانداوە. بەڵگەیان لەبەردەستن رفاندن، کوشتن لە دەرەوەی یاسا، دەستدرێژی سێکسی و بە ئامانجگرتنی ئۆنلاین لەلایەن پۆلیس و گرووپە چەکدارییەکان لە دژی هاوڕەگەزخوازان روویداوە.   
 
راپۆرتەکەی هیومان رایتس واچ 86 پەڕە، ناونراوە" هەموویان دەیانەوێ بمرم"، ئەم راپۆرتە بە تێروتەسەلی باس لە بارودۆخی هاوڕەگەزخوازان لە عێراق دەکات کە بە پەلکەزێڕینە یاخود LGBT ـیش ناوبانگیان دەرکردووە.
 
هیومان رایتس وۆچ حکومەتی عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەرامبەر پارێزگاریکردن لە مافی هاوڕەگەزخوازان و دابینکردنی ئاسایش بۆیان، هاوکات دەڵێت حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا شکستی هێناوە ئەوانە بە بەرپرسیار بزانێت کە بەم تووندوتیژیانە هەستاون.
 
راشا یونس، توێژەر لە بواری مافی هاوڕەگەزخوازان لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، "هاوڕەگەزخوازە عێراقییەکان بەردەاوم لە ترس و دڵەڕاوکێی دەژین کە لەلایەن گرووپە چەکدارییەکان بکوژێن، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیربکرێن و رووبەڕووی تووندوتیژی ببنەوە."
 
رێکخراوەکە دەڵێت، بەڵگەی تووندوتیژییەکانی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ 54 هاووڵاتیی هاوڕەگەزخوازی عێراقی، نۆ رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوی نێودەوڵەتی و حەوت ئۆفیسی دیپلۆماسی وڵاتی بیانی کردووە لە عێراق دەستکەوتووە.
 
لە زۆربەی چاوپێکەوتنەکاندا هاوڕەگەزخوازەکان دەڵێن، لانی کەم جارێک لەلایەن کەسە نزیکەکانیان تووندوتیژیان بەرامبەر کراوە، تووندوتیژییەکان لە گوفتار و کردار خۆیان دەبیننەوە، بۆ نموونە دەڵێن لە ژوورەکاندا دەرگەیان بەسەردا داخراوە، خواردن و خاوردنەوەیان لەسەر بڕیون، سوتێندراون، لێیاندراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر و کارەبایان لێدراوە، بەزۆر هاوسەرگیریان پێکراوە، زیاد لەکاتی خۆیان کاریان پێکراوە بێ ئەوەی هیچ قەرەبوویێک بیانگرێتەوە. 
 
رێکخراوەی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ داوادەکات هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەراسانکردن و دەستگیرکردنی هاوڕەگەزخوازان بوەستێنن، لەبری دەستگیرکردنیان پارێزگاریان لێبکەم و لە تووندوتیژی بیانپارێزن، داواشدەکات یاسایێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژ بە هاوڕەگەزخوازان بناسێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە