سوودانی یەکەیەکی نیشتەجێبوون و پاسپۆرتی دیپلۆماسی دەداتە پزیشکە عێراقییەکەی غەززە

23-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لەنێو شاری بەغدا یەکەیەکی نیشتەجێبوون و پاسپۆرتی دیپلۆماسی بداتە ئەو پزیشکە عێراقییەی، کە لەکاتی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە خۆبەخشانە چارەسەری دانیشتووانی کەرتەکەی دەکرد.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکشەممە 23-02-2025 پێشوازیی لە پزیشکی عێراقی محەممەد تاهیر ئەبو رەغیف کرد، کە ناسناوی "باڵیۆزی مرۆڤایەتی"ی پێداوە.
 
سوودانی جەختی لە گرنگیی کاری مرۆڤدۆستانە و ئەخلاقیی ئەو پزیشکە کردەوە، کە لە غەززە پێشکێشی کردووە و گوتی، "ئەمەش هەڵوێستێکی شانازییە کە هەموو عێراقییەکان شانازیی پێوە دەکەن و نوێنەرایەتیی ئەو بنەمایانە دەکات، کە گەلەکەمان بەرامبەر بە گەلی فەلەستینی برای خۆی و دۆزە رەواکەی هەڵیگرتووە."
 
سوودانی فەرمانی دا یەکەیەکی نیشتەجێبوونی لە ناوەڕاستی بەغدا و پاسپۆرتێکی دیپلۆماسی بە پزیشکەکە بدات، وەکو رێزێک بۆ ئەو کارە مرۆییانەی پێشکێشی دانیشتووانی غەززەی کردووە.
 
هەروەها فەرمانی دا بە دروستکردنی نەخۆشخانەی عێراقی لە غەززە، بۆ خزمەتکردنی خەڵکی فەلەستین و جەختکردنەوە لەسەر هەڵوێستی بنەڕەتی و مرۆڤدۆستانەی عێراق.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی 25ی کانوونی دووەمی 2025 بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەو پزیشکە کرد کە خۆبەشخانە چارەسەر دانیشتووانی غەززەی دەکرد لەکاتی هێرشی ئیسرائیل  و سوودانی ئەو کات ناسناوی باڵیۆزی مرۆڤایەتی پێدا و داوای لێکرد سەردانی بەغدا بکات .
 
محەممەد تاهیر ئەبو رەغیف، پزیشکێکی عێراقی نیشتەجێی بەریتانیایە لە دایکبووی شاری نەجەفە. لە کەرتی غەززە زیاتر لە 300 نەشتەرگەری ئاڵۆزی کردووە لەگەڵ چارەسەرکردنی هەزاران کەسی دیکە.
 
یەکێک لەوانە چاندنەوەی دەست منداڵێکی نۆ ساڵان بوو، کە بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل لە پارێزگای دێر بەلەح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە دەستێکی پڕی بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە