حەلبووسی: بەغدا دەسەڵاتی بەسەر فەرمانبەرێکی ئاسایی هەرێمی کوردستان دا نییە

23-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم رایدەگەیێنێت، هەرێمی کوردستان پێیوایە لەهەر چرکەساتێکدا دەتوانێت لە عێراق جیاببێتەوە.  دەشڵێت "ناوەند دەسەڵاتی بەسەر فەرمانبەرێکی ئاسایی هەرێمی کوردستانیشدا نییە".
 
دوێنێ شەممە، حەوتەم دیالۆگی نێودەوڵەتی بەغدا بە ناونیشانی "پەیوەندی لە پێناوی گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێمی" دەستیپێکرد و ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، یەکێک لە قسەکەرە سەرەکییەکانی یەکەم رۆژی دیالۆگەکە بوو. 
 
حەلبووسی لە قسەکانیدا باسی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی "برایان لە هەرێمی کوردستان پێیانوایە ناوچەیەکن ئەگەری هەیە لە هەر چرکەساتێکدا جیاببنەوە. جوگرافیایان، کولتووریان، زمانیان، دۆخیان و سرووشتی ژیانیان. لە ناوەند-یشدا بەشدارن و دۆخی فیدراڵیان پتەوە".
 
سەرۆکی دوورخراوەی پەرلەمانی عێراق هەر لەبارەی بەشداریکردنی هەرێمی کوردستانەوە باسی لەوەکرد: "بەشدارن لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی عێراقی، بەشدارن لە دیاریکردنی سەرۆککۆماری عێراق، بەشدارن لە دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەشدارن لە دیاریکردنی کابینەی وەزاریی و لە هەموو دامودەزگاکان دا".
 
بەڵام وەک محەممەد حەلبووسی باسیکرد "ناوەند دەسەڵاتی بەسەر فەرمانبەرێکی سادەی هەرێمیش دا نییە".
 
رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن".
 
محەممەد حەلبووسی کێیە؟
 
 - ناوی محەممەد رێکان حەلبووسییە و سیاسەتڤانێکی سوننەیە.
- ساڵی 1982 لە قەزای گەرمە لە پارێزگای ئەنبار لەدایکبووە.
- ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە لە فراکسیۆنی حەل، کە جەمال کەربوولی سەرۆکایەتی دەکرد. 
- لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 پەرلەمانتار بوو.
- سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی تەقەدوومی کردووە. 
- 29-8-2017 تاوەکو 14-9-2018 پارێزگاری ئەنبار بووە.
- 15-9-2018 بووە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق .
- 9-1-2022 بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە.
15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە .

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە