رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیێنێت، سبەی ئەنجام وردەکارییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان رادەگەیێندرێت.
عەبدولزەهر هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23-02-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی (دووشەممە) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هۆتێل بابلی شاری بەغدا بە فەرمی ئەنجام و وردەکارییەکانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان رادەگەیێندرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ژمارەیەک وەزیر، پەرلەمانتار، پارێزگارەکان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بریکاری وەزارەتەکان و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە ئامادە دەبن.
دوای 37 ساڵ و لە 20 بۆ 22-11-2024، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتیی کرا، تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمار کرا و تاوەکو 10ـی مانگی کانوونی دووەمی 2024 فۆڕمی تۆماری خێزان پڕکرایەوە، کە تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە هاونیشتمانی و هاووڵاتیان کرا.
رۆژی (دووشەممە، 25-11-2024) محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا ئەنجامى بەرایی سەرژمێرى گشتیی دانیشتووانى هەرێمی کوردستان و عێراقی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەى ئەنجامەکە، ژمارەى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەسە، ئەو ژمارەیە بیانییەکان و پەنابەرانیش دەگرێتەوە.
شارنشین لە عێراق 70.3% و گوندنشین 29.7%ـی تێکڕاى ژمارەى دانیشتووانن.
بەگوێرەى ئەنجامى بەرایی سەرژمێری، لە عێراق و هەرێمی کوردستان 7 ملیۆن و 898 هەزار و 588 خێزان هەن، تێکڕای ژمارەى ئەندامانى خێزان 5.3 کەسە.
ژمارەى رەگەزى نێر لە عێراق و هەرێمی کوردستان 22 ملیۆن و 784 هەزار و 62 کەسە، کە دەکاتە 50.1%ـی کۆی ژمارەى دانیشتووان.
ژمارەى رەگەزى مێ 22 ملیۆن و 623 هەزار و 833 کەسە، کە دەکاتە 49.8%ـى کۆی ژمارەى دانیشتووان.
ئەو خێزانانەى ژنان سەرۆکیانن 11.33%ـی هەموو خێزانەکان پێکدەهێنن، لەکاتێکدا پیاوان سەرۆکایەتیی 88.67%ـی خێزانەکان دەکەن.
ئەو کەسانەى لە عێراق و هەرێمى کوردستان دا تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە، 36.1%ـى تێکڕاى ژمارەى دانیشتووانن؛ تەمەنى 15 بۆ 65 ساڵ 60.2%ـی هەموو ژمارەى دانیشتووانن. تەمەنى 65 بەرەو سەرەوە 3.7% پێکدەهێنن.
بەگوێرەى ئامارى بەرایی سەرژمێرى، 8 ملیۆن و 37 هەزار و 221 خانوو لە عێراق و هەرێمى کوردستان دا هەن. کە 92.1%ـیان خانووى نیشتەجێبوونن، 6.6% شوقە، 0.4% خانووى گڵ و 0.9%ـیان لە جۆرى دیکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ