مستەفا کازمی دەیەوێت گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئێران-سعودیە لە بەغدا رێکبخات


رووداو دیجیتاڵ

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق کۆتایی بە سەردانە سێ رۆژییەکەی بۆ ئێران هێنا و بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی؛ لەگەڵ سەرۆککۆمار و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئێران کۆبووەتەوە. وەزیرێکی پێشووتری عێراقیش دەڵێت، " سەردانەکە پەیوەندیی بە سازدانی گەڕێکی دیکەی گوتوبێژە لەنێوان ئێران و سعودیە لە بەغدا."
 
رۆژی پێنجشەممە، 23-2-2023، نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "سەرۆک مستەفا کازمی، چاوی کەوت بە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە."
 
مستەفا کازمی رۆژی سێشەممە سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و ئاژانسەکانی هەواڵی ئێرانیش هەواڵی سەردانەکەیان بڵاوکردەوە.

 

 
نووسینگەی مستەفا کازمی نێوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوانەشی ئاشکراکرد کە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کردوویەتی و بەپێی راگەیێندراوەکە، "گوتوبێژەکانی مستەفا کازمی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تایبەت بوو بە پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و پرسەکانی تایبەت بە بەرژوەندیی عێراق و ناوچەکە."
 
بەشێک لە سیاسەتمەداران و شرۆڤەکارانی عێراقی کۆمێنتیان لەسەر سەردانەکە هەبووە، وائییل عەبدولـلەتیف یەکێک لە سیاسەتمەدارە عێراقییانەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەردانەکەی مستەفا کازمی پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئێران دەیەوێت گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سعودیە لە عێراق دەستپێبکاتەوە، ئەمە لە سەردەمی کازمی دەستیپێکرد و لە بەغدا کۆبوونەوە کرا، ئێران دەیەوێت کازمی رۆڵ بگێڕێت بۆ دووبارە لێکنزیککردنەوەی لەگەڵ سعودیە و لەو رێگەیەشەوە لەگەڵ ئەمریکا."

 

 
سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ ئێران لەکاتێکدایە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری 2021، پەیوەندییەکانی نێوان مستەفا کازمی و ئێران بەرەو ساردی رۆیشت، بەتایبەت دوای خۆپێشاندانەکانی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حەشدی شەعبی لە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کە مستەفا کازمییان بە تێوەگلان لەو پلانە تۆمەتبارکرد کە مەبەست لێی " پەراوێزخستنیان"ـە.