موقتەدا سەدر: مەعاوییە و عەلى کوڕى ئەبوو تاڵیب وەک یەک نابینم
رووداو دیجیتاڵ
رێبەرى رەوتى سەدر لە تویتێکدا دەڵێت، بەهۆى ئەوەى لەدژى تاییفەگەرییە، هەندێک لە شوێنکەوتووانى مەزهەبی شیعە بەدگومان بوون لێى. دەشڵێت: "ئەوە ماناى ئەوە نییە کە عەلى کوڕى ئەبوو تاڵیب و مەعاوییە وەک یەک ببینم".
ئەو تویتەى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لەدواى ئەوە هات کە لە 14ـى شوباتى 2023 تویتێکى دیکەى بڵاوکردەوە لە دژى نمایشکردنى زنجیرە درامایەک لە کەناڵى (ئێم بی سی) لەبارەى ژیانى مەعاوییەى کوڕى ئەبوسوفیان کە بە دامەزرێنەرى دەوڵەتى ئەمەوى دادەنرێت و شیعەکان بە نەیارى مەزهەبەکەیانى دەزانن و داواى کرد پەخشکردنى دراماکە رابگیرێت.
موقتەدا سەدر ئاماژەى بەوەش داوە کە وەک یەکبینینى ئەو دوو کەسایەتییە یان نزیککردنەوەیان لەیەکدى لە زنجیرە دراماکەدا "ساختەکردنى مێژوو و شێواندنى راستییەکانە".
رێبەری رەوتی سەدر باسی لەوە کردووە کە مەعاوییە نوێنەرایەتیى سوننە ناکات، لەکاتێدا عەلى کوڕى ئەبوو تاڵیب بۆ سوننە و شیعە بووە.