رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەڕێوەچوونی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق لە یەککاتدا، کارێکی ئەستەم نییە.
هەیمان تەحسین حەمید، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 23-02-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەڕێوەچوونی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق، کارێکی ئەستەم نییە، بەڵام بودجە و کات و ئامادەکاریی زیاتری پێویستە".
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن روونیکردەوە: "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمان جیاوازن، ئەگەر پێکەوە بکرێن پێویستی بە ئامادەکاری و رێکخستنێکی زۆر باش هەیە لە رووی لۆجستییەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "تائێستا بە فەرمی لەگەڵ کۆمیسیۆن باس نەکراوە کە هەردوو هەڵبژاردنەکە بە یەکەوە بکرێن، بەڵام هەر کاتێک باسکرا، ئەوا کۆمیسیۆن هەڵوێست و قسەی خۆی دەبێت"، بەڵام گوتیشی: "ئەم کارە لەم قۆناخە دوورە لە واقعەوە، هێزە سیاسییەکانیش بەنیازنین جارێکی دیکە خۆیان تووشی هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەنەوە".
بەپێی بەرنامە وەزارییەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت، لە ماوەی ساڵێکدا پێویستە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە کەرکووکیشەوە بکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە، کابینەکەی سوودانی لە 27-10-2022 لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەردرا و پەسند کرا. بەمشێوەیە پێویستە تاوەکو 27-10-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیار لەو بارەوە نەدراوە.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق روونیکردەوە: "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگان، پێویستی بە بڕیاری حکومەت و دابینکردنی پارەی پێویست و یاسایە، دوای هەموو ئەمانە، ئەوکاتە کۆمیسیۆن 10 مانگی پێویستە تاوەکو ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تەواو بکات." گوتیشی، "ئەمساڵ زۆر زەحمەتە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ