رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە وەڵامی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەڵێت، جەخت لەسەر پابەندبوونی حکومەت بەو هەموارانە دەکەینەوە کە بۆ پەرلەمان نێردراون سەبارەت بە یاسای بودجە و "جەختیش لەسەر گرنگیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مادەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دەکەینەوە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە وەڵامی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکومەت بە شەفافیەت و ئاگادارکردنەوەی هاونیشتمانیان لە کارەکانی، بەتایبەتی لەبارەی پرسی بودجە کە بناخەیەکی سەرەکییە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی بەرنامەی حکومی، جەخت لەسەر پابەندبوونی حکومەت بەو هەموارانە دەکەینەوە کە بۆ پەرلەمان نێردراون سەبارەت بە یاسای بودجە، کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی لەبەرچاو دەگرێت."
باسم عەوادی رایگەیاندووە: "نوێنەری حکومەت لە پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە کە هیچ هەموارێکی دیکە لەسەر یاسای بودجە پێویست نییە کە پێچەوانەی ئەو دەقانە بێت کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشکێشکراون."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە وەڵامی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەڵێت: "نێوەڕۆکی راگەیێندراوی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە و سەرسوڕمانی خۆمان دەردەبڕین بەو بانگەشەیەی کە نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە پەرلەمان رێگری لە هەموارکردنی مادەی تایبەت بە رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کردووە."
لەبارەی رادەستکردنی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان باسم عەوادی باس لەوە دەکات: "جەخت لەسەر گرنگیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مادەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دەکەینەوە، کە رادەستکردنی داهاتەکان بە حکومەتی فیدراڵ دەگرێتەوە جا چ نەوتی بن یان نانەوتی، بەپێی ئەوەی لە یاسا و بڕیاری دادگەی فیدراڵیدا هاتووە."
بە بڕوای گوتەبێژەکەی حکومەتی عێراق، "پابەندبوون بەم رێکارانە هەنگاوێکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم دۆسیەیە و بەهێزکردنی هاوکاری لەنێوان هەردوولا. حکومەتی فیدراڵی هیواخوازە بە خێرایی هەموارەکە بەپێی دەقە پەسندکراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە پەرلەمان پەسند بکرێت، ئەمەش بۆ بەرژەوەندیی هەموو عێراق."
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا رایگەیاندووە، "دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا".
لەبارەی ئەو پێشنیازەی بۆ پەرلەمان نێردراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیازێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی راوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لە هەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ