رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق رەخنە لە شێوازی دەنگدان لەسەر سێ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسێتی دەدەن و دوو تانەیان پێشکێشی دادگەی فیدراڵی کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، تەقی وائیلی، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی ئیشراق کانوون لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ ئێمە وەک پەرلەمانتارانی سەر بە کوتلەی ئیشراقە کانوون و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە لە دادگەی فیدراڵی تانەمان دا لە 'بە یەک پاکێج کردن'ـی هەر سێ پڕۆژەیاسای، گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسی."
تەقی وائیلی ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویست بوو ئەو سێ پڕۆژەیاسایە بە جیا جیا دەنگیان لەسەر بدرێت نەک لە پاکێجێکدا کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تانەکەماندا داوامان لە دادگەی فیدراڵی کردووە، فەرمانێکی وەلائی دەربکات بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی ئەو سێ پڕۆژەیاسایە تاوەکو تانەکە یەکلایی دەبێتەوە."
هەر ئەمڕۆ هادی سەلامی، کە یەکێکی دیکەیە لەو پەرلەمانتارانەی دژایەتیی شێوازی دەنگدان لەسەر ئەو سێ پڕۆژە یاسایە دەکات بە رووداوی گوت، "من دوێنێ لە دادگەی فیدراڵی تانەم لە کۆی دانیشتنەکە دا، لە تانەکەمدا روونم کردووەتەوە، کۆی دەنگدەرانی پڕۆژەیاساکە نەدەگەیشتە رێژەی نیوە کۆ یەک."
بە گوتەی هادی سەلامی، "دەنگدانەکە بە ئەلیکترۆنی نەبووە و لەگەڵ ئەوانەشدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان کەسی رانەسپارد بۆ ژماردنی دەنگەکان و زۆر بەخێرایی و لە چەند چرکەیەکدا چەکوچەکەی لە مێزەکەیدا و گوتی، دەنگدان کۆتایی هات و سێ پڕۆژە یاساکە تێپەڕێندران."
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ دادگەی فیدراڵی دەتوانێت ئەو دانیشتنە و ئەنجامەکانی هەڵبوەشێنێتەوە، هادی سەلامی دەڵێت، "دادگەی فیدراڵی لە توانایدایە کۆی دانیشتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە و لە رابردووشدا نموونەی لەوشێوەیەمان هەبووە، بەڵام بەپێی کەیسەکان دەگۆڕێت و ئەمجارە نازانین دادگە چ بڕیارێک دەدات."
رۆژی سێشەممە، 21ـی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بە یەک پاکێج هەر سێ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسێتی پەسندکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ