رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی، میکانیزم و چۆنیێتیی گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەکانی نێو کامپی هۆل باس کراوە، "بەڵام گەڕاندنەوەیان پێویستی بە وردبینیی ئەمنی هەیە."
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی چوارشەمە (22-1-2025)ـی ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی، کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەرۆکایەتیی دەکرد، گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی کامپی هۆڵ کرا و، دۆخی خێزانە عێراقییەکانی کامپەکە تاوتوێ کرا."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا میکانیزم و چۆنییەتی گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانە بۆ عێراق باسیان لێوەکرا و لە ئاییندەیەکی نزیکدا پرۆسەی گەڕاندنەوەی فراوانی خێزانەکان دەستپێدەکەین، بەڵام بۆ گەڕاندنەوەیان پێویستە وردبینى ئەمنیی لە دۆسییەکانیاندا بکرێت."
بە گوتەی سەباح نوعمان، یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لێوەکرا، پرسی تووندوتۆڵکردنی سنووری وڵات بووە، هەروەها "رەزامەندی درا لەسەر سەرپشککردنی وەزارەتی ناوخۆ بۆ واژۆکردنی گرێبەستی کڕینی چەک و دابینکردنی کەرەستە و ئامێرە سەربازییەکان. لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا کارەکانی رادەستکردنی دۆسییەی ئەمنی لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ تەواو دەبن."
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، زیاتر لە 22 هەزار عێراقى لە ژن و منداڵانى کەسوکارى چەکدارانى داعش لە کامپى هۆل ـی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان ماون.
رۆژی 6ـی حوزەیرانی 2024، عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە رووداوى گوتبوو، وەزارەتەکەى لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە رێککەوتن لەبارەى چارەسەرى ئەو عێراقیانەى کە کامپى هۆلن. بەپێی رێککەوتنەکە تاوەکو ساڵى 2027 نابێت هیچ خێزانێکى عێراقى لەو کامپە بمێنێت و سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ