لیژنەی لێکۆڵینەوە لە "بەرتیل وەرگرتنی" پەرلەمانتاران پێکدەهێندرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی نۆ کەسی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری وەرگرتنی پارە و ئۆتۆمبێل لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە بۆ دەنگدان بە یەکێک لە بەربژێران بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پێکهێنا. ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، "لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین و راپۆرتمان دەدەینە سەرۆکایەتی پەرلەمان."
 
موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی نۆ کەسی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانەی باسی ئەوە دەکەن، بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق بۆ دەنگدان بە بەشێک لە بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، پارە و ئۆتۆمبێل و شتی دیکەیان وەرگرتووە.
 
بەپێی نووسراوەکە کە ئەمڕۆ سێشەممە واژۆکراوە، لیژنەکە لە هەشت پەرلەمانتار پێکدێت، ئەوانیش بریتین حەسەن سالم، نایف شەمەری، محەممەد رومێسی، رائید حەمدان مالیکی، حوسێن موئنیس، یاسر حوسێنی، رەعد دەهلەکی و ئیمان عەبدولڕەزاق. هەروەها لیژنەکە بە سەرۆکایەتی رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەبێت.
 
ئیمان عەبدولڕەزاق ئامێدی، لەبارەی پێکهێنانی لیژنەکەوە بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێمانگوتراوە کە لیژنەکە بۆ لێکۆڵینەوەیە لەو دەنگۆیانەی گوایە بەشێک لە پەرلەمانتاران پارە و شتی دیکەیان لە بەرامبەر دەنگدان بە یەکێک لە بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەرگرتووە، ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین، دواتر راپۆرتێک بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرزدەکەینەوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەر پەرلەمانتارێک ئەو تۆمەتەی بەسەردا ساخ ببێتەوە، سەرەتا پارێزبەندیی لەسەر هەڵدەگیرێت و دواتر دادگەیی دەکرێت و ئەگەری زۆری هەیە لە پەرلەمانتاری دووربخرێتەوە.
 
دوایین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق 13-01-2024 بوو کە یەکەم دانیشتنی بوو لە ساڵی نوێدا و تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 314 پەرلەمانتار. کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کرا، دواتر وا بڵاوکرایەوە بەشێک لە پەرلەمانتاران بۆ دەنگدان بە بەربژێرێک پارەیان وەرگرتووە.
 
هەریەک لە شەعلان کەریم، لە تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سالم عیساوی لە سەروەریی بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، مەحموود مەشهەدانی و تەڵاڵ زەوبەعی لە هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەرائی و عامر عەبدولجەبار کە وەک سەربەخۆ و شیعەیە خۆیان بەربژێرکرد؛ عەبدولرەحیم شەمەریش لە سوننە هەر لەسەرەتاوە لە خۆبەربژێرکردن پاشەکشەی کرد.
 
براوە پێویستی بە 165 دەنگ بوو؛ لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا هیچ بەربژێرێک دەنگی پێویستی نەهێنا و ئەنجامەکە بەم شێوەیە بوو: 
 
ئەنجامی گەڕی یەکەمی دەنگدان بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی 13-1-2024:
 
شەعلان کەریم؛ 152 دەنگ
سالم عیساوی؛ 97 دەنگ
مەحموود مەشهەدانی؛ 48 دەنگ
عامر عەبدولجەبار؛ 6 دەنگ
تەڵاڵ زەوبەعی؛ 1 دەنگ 
پووچەڵ؛ 10 دەنگ