بانکی ناوەندیی عێراق هەژمارە بانکییەکانی کۆمپانیای فلای بەغدا بلۆک دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بانکەکە پابەندی لیستی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئەو کەسایەتی و کۆمپانیا عێراقییانە دەبێت، کە خرانە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە. یەکێک لەو رێکارانە، وەکو ئەو سەرچاوەیە گوتی، بلۆککردنی هەژمارەکانی بانکییە، لەنێویاندا سێ هەژماری بانکیی کۆمپانیای فلای بەغدا بۆ فڕۆکەوانی.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بانکی ناوەندیی عێراق، لەبارەی لیستی سزاکانی ئەمریکا، کە دوێنێ لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتەوە بەسەر پێنج کەسایەتی و کۆمپانیای عێراقیدا راگەیێندرا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بانکی ناوەندیی عێراق پابەندی لیستی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا، تایبەت بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانە، دەبێت. بەمنزیکانە پابەندبوونی بە سزاکانەوە جێبەجێ دەکات."
 
رۆژی سێشەممە 23-01-2024 ئیحسان شەمران یاسری، راوێژکاری پێشووی بانکی ناوەندیی عێراق ئەوەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە، "عێراق پابەندی لیستی سزاکان دەبێت و دەبێت هەژمارە بانکییەکانی ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانە بلۆک بکات."
 
بەهۆی ئەوەی عێراق وڵاتێکە رێککەوتنی لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا هەیە، ئیحسان شەمران یاسری پێیوایە، "بە ناچاری پابەند دەبێت و هەموو وڵاتانیش پابەند دەبن، تەنیا ئەو وڵاتانە نەبێت کە پێیان دەگوترێت وڵاتانی لادەر، عێراق ناتوانێت پابەند نەبێت."
 
بە گوتەی راوێژکارەکەی پێشووی بانکی ناوەندی، ئەگەر عێراق پابەند نەبێت ئەوا "دەخرێتە لیستی سزاکانەوە و زۆر شت لەدەستدەدات، لەوانەش پشتگیری و هاوکارییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا."
 
رۆژی دووشەممە 22-01-2024 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سێ سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و ژمارەیەک کۆمپانیای خستە نێو لیستی سزاکانی، کە بە گوتەی وەزارەتەکە، هاوکاریی داراییان بۆ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کۆکردووەتەوە و دابینکردووە.
 
کۆمپانیای فلای بەغدا بۆ فڕۆکەوانی، یەکێک بوو لەو کۆمپانیایانەی خرایە لیستی سزاکانی ئەمریکا، بە تۆمەتی ئەوەی "چەک و چەکدار و دۆلار"یان بە قاچاخ بۆ سووریا بردووە، بەڵام کۆمپانیاکە لە روونکردنەوەیەکدا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.