دادگەی فیدراڵی لەبارەی دوو سکاڵای پەرلەمانتارێکی پارتی لە دژی سێ وەزیر کۆدەبێتەوە

23-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە لەلایەن جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی عێراق لە دژی پێنەدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر سێ وەزیری حکومەتی عێراق  تۆمار کراوە. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "کاتی ئەوە هاتووە ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی چارەسەر بکرێت."
 
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی چوارشەممە 24-01-2024 دادگەکە بۆ تاتوێکردنی دوو سکاڵا لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە کۆببێتەوە، کە لەلایەن نەهرۆ رواندزی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان، لە دژی وەزیرانی دارایی، نەوت و پلاندانانی عێراق تۆمار کراون.
 
سکاڵایەکیان ژمارە 329ـی/ فیدڕاڵی/2023ـی هەیە، لە دژی تەیف سامی، وەزیری دارایی و محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان تۆمار کراوە، سکاڵاکار داوای لە دادگە کردووە، دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای خەرجیی کردەیی 15 پارێزگاکەی عێراق بە نادەستووری بزانێت، هەروەها وەزارەتی دارایی و پلاندانانی عێراقیش بە پرەنسیپی یەکسانی لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە پابەند بکات، بەتایبەت پارەدارکردن لەسەر بنچینەی پارە بڕیارلێدراوەکان لە یاسای بودجە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
 
یاسای بودجەى گشتی، کە لە 12ی حوزەیرانی ساڵی 2023 لە پەرلەمان پەسندکرا و لە 26ـى هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەکەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، بەڵام دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە، کێشە کەوتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداوە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، محەممەد شیاع سوودانی لیژنەیەکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە پێکهێناوە.
 
خەرجی کردەیی "الانفاق الفعلي"، بریتییە لە خەرجییەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆران و خەرجییەکانی تایبەت بە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەو چەمکە لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی سەردەمی پۆڵ برێمەر، حاکمی مەدەنیی عێراق لەدوای ساڵی 2003ەوە هەیە، بەپێی ئەوە پشت بە خەرجیی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەبەسترێت بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
 
سەرچاوەیەک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی سکاڵاکانی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی و ئەو جووڵە نوێیەی دەستپێکراوە، بە رووداوی گوت، "دەبێت دەست بە تۆمارکردنی سکاڵا بکەین لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە مافەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستانەوە هەیە، بۆیە تۆمارکردنی ئەو دوو سکاڵایە لەو چوارچێوەیەدایە و لە داهاتووشدا سکاڵای دیکەش لەسەر بابەتی دیکە تۆمار دەکرێت."
 
حکومەتی عێراق بە سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری، قەرزی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە. ئەمڕۆ کە 23 رۆژ لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 تێپدەپەڕێت، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، چارەنووسی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەش دیار نییە.
 
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە 23-01-2024 بە رووداوی گوت، "دەبێت حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەکجاری لەسەر کێشەکان رێکبکەون، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە بودجەوە هەیە، ناکرێت هەر ماوەی جارێک ئەو کێشە زەق ببێتەوە، دەبێت کۆتایی پێبێت و لیژنەیەکی هاوبەش ئەو بابەتە و کێشەکانی دیکەی وەکو یاسای نەوت و گاز و ئەوانی دیکەش چارەسەر بکرێت."
 
سکاڵای دووەم کە نەهرۆ رواندوزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارتی تۆماری کردووە، ژمارە 330ـی فیدراڵی 2023ـی هەیە، لەسەر حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتە، تێیدا سکاڵاکار داوا دەکات دادگە رێکارەکانی وەزارەتی نەوت لە دیاریکردنی بڕ و نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی فرۆشراو بە هەرێمی کوردستان بە نادەستووری بزانێت و وەزارەتی نەوت پابەند بکات بە پرەنسیپی یەکسانی لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابین بکات و بەهەمان نرخی پارێزگاکان.
 
جیاوازیی زۆر دیار لە دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نرخی بەنزین و نەوتی ماڵاندا هەیە. لە پارێزگاکانی عێراق نرخی لیترێک بەنزین بە 450 دینارە، بەڵام جۆرە جیاوازەکانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان تاوەکو 1200 دیناریش دەڕوات بۆ یەک لیتر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت