رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی نوجەبا، یەکێک لە میلیشیاکانی عێراق، لەبارەی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە دژی ژمارەیەک بەرپرس و دامەزراوەی عێراق دەڵێت "ناوەڕۆک بەتاڵە."
بزووتنەوەی نوجەبا، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی نێو گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" و لەلایەن ئەکرەم کەعبییەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت، لەبارەی بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە دەڵێت "ئێمە، رێبازی ئیمامە بەڕێزەکانمان گرتووە لە وەستان لەگەڵ رەوایەتیدا لەدژی ناڕەوایی لەهەر دۆخێکدا بێت و هەرچەندە دوژمنان زۆرن، بەتایبەت لەم رۆژاندا کە بەرەی خراپەکاری کە خۆی لە ئەمریکا و هاوکارە ملکەچەکانی دەبینێتەوە لەدژی بەرەی دژایەتیکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل."
هەروەها دەڵێت "دوایین بڕیاریان راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە، کە تێیدا سزای سەپاندووەتە سەر پەرلەمانتار حوسێن موئنیس و سەڵاح مەگسوسی، سەرکردە لە حەشدی شەعبی، ئێمە لەگەڵیان دەوەستین دژی ئەو بڕیارە ناوەڕۆک بەتاڵە، جەخت دەکەینەوە لەوەی خودا لەگەڵماندایە و لەگەڵیاندایە، پشتیوان بە خوا دژی دوژمنان بەهێز و تووند دەبین، هەرچەندە بیانەوێت پیلان داڕێژن و هەوڵبدەن."
دوێنێ (دووشەممە) وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سێ سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و ژمارەیەک کۆمپانیای خستە نێو لیستی سزاکانی، کە بە گوتەی وەزارەتەکە هاوکاری داراییان بۆ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کۆکردووەتەوە و دابینکردووە.
کۆمپانیای فلای بەغدا بۆ فڕۆکەوانی، یەکێک بوو لەو کۆمپانیایانەی لە لیستی سزاکانی ئەمریکادا، بەتۆمەتی ئەوەی "چەک و چەکدار و دۆلار"ـیان بە قاچاخ بۆ سووریا بردووە، ناوی هاتبوو.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023ـوە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، زیاتر لە 140 جار هێرشیان کردووتە سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ