رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیار لە بەرژەوەندیی ئاوارەی نێو کامپەکانی هەرێمی کوردستان دەردەکات کە یەکێکیان بریتیە لە پێدانی چوار ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێک کە بگەڕێتەوە زێدی خۆی و دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان.
بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاوارەی نێو کامپەکان ئەمانەن: پێدانی چوار ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێک، دۆزینەوەی هەلی کار، دامەزراندنیان لە کەرتی حکومی و تایبەت، هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانە بۆ ناوچەکانیان، پێدانی مووچەی مانگانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی بۆ کەمدەرامەت و نیڤشکانەکانیان و پێدانی قەرزی بانکی بێسوود بۆیان.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بڕیار لەبارەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، پرسی گەڕاندنەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکان خرانە بەرباس و لێکۆڵینەوە، بڕیاردرا سەرجەم کامپەکانی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە 30ـی تەممووزی ئەم ساڵ دابخرێن و کۆتایی بە کەیسی ئاوارەکان بهێندرێت.
سەبارەت بە پرسی ئاوارە و کامپەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕیاردرا بە جێبەجێکردنی میکانیزمی بڕیاری ژمارە (24007 بۆ ساڵی 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیران، کە لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئامادەکرابوو.
لەمبارەیەوە بڕیاردرا، بڕی چوار ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێکی ئاوارە لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت کە دەگەڕێتەوە زێدی خۆیان. هەروەها بە هاوئاهەنگی هەردوو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و گواستنەوە و گەیاندن، دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە دابین بکرێت.
هاوکات وەزارەتی پەروەردە پابەند دەکرێت 2٪ی رێژەی دامەزراندنەکانی بۆ ئاوارەکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و ئەنبار بێت. بەهەمان رێژە، دامەزراندن بۆ پێکهاتەکانیش دیاری بکرێت. هەروەها رێنمایی بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دراوە، مووچەی دەستبەری کۆمەڵایەتیی بۆ کەمدەرامەتەکان و نیڤشکانی ئاوارەکانی نێو کامپەکان دابین بکرێت. لە پاڵ ئەمەشدا، وەزارەتی دارایی کارئاسانییان بۆ دەکات بۆ ئەوەی قەرزی بێسوود لە بانکەکان وەربگرن بۆ هەر پێداویستییەکی تایبەتیان.
سەبارەت بە دامەزراندنی ئاوارەکانیش، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، 2٪ی سەرجەم دامەزراندنی وەزارەتەکان بۆ ئاوارەکان تەرخان بکرێت. هەروەها بۆ کەرتی تایبەتیش بەهەمان رێژە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانیش، لیستی ناوی ئاوارەکانی نێو کامپەکان بە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدرێت بۆ تەواوکردنی لێپێچینەوەی ئەمنی لە ماوەی مانگێکدا و ناردنی راسپاردەی ئەم کەیسە بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ دادگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی زانیاری و داتاکانی ئاوارەکان بۆ بەدەستخستنی پاکانەی یاسایی ئاوارەکان لە هەر جۆرە تاوانێک. لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ چارەکردنی هەر جۆرە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی ئاوارەکان لەگەڵ هۆزەکانیان لە ناوچەکانیاندا، لە پێناو ئاسانکاریکردن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان. هەروەها وەزارەتی ناوخۆ راسپێردرێت بۆ تەواوکردنی سەرجەم بەڵگەنامە پێویستەکانی ئاوارەکان لە کارتی نیشتمانی و زانیاری و پاسپۆرتەکان.
بەمەش ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاریداوە بە داخستنی یەکجارەکی کەیسی ئاوارەکان لە رۆژی 30ـی تەممووزی ئەمساڵ، لە بری مانگی حوزەیران.
هەروەها رێنمایی بە سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا و تەواوی ناوچە رزگاربووەکان دراوە، بۆ دروستکردنی خانوو بە تێچوویەکی کەم بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەکان لەناو ئەم یەکە نیشتەجێبوونانە، دوای وەرگرتنی رەزامەندی لە پارێزگای نەینەوا.
هەروەها رێنمایی بە سندووقی ئاوەدانکردنی ناوچە زیانبەرکەوتووەکان دراوە رێژەی بودجەی ئاوەدانکردنی قەزای شنگال زیادبکرێت، بەهۆی ئەوەی زیانی زۆری بەرکەوتووە و ئەو بڕە بودجەیەی بۆ دابینکراوە بەشی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا ناکات. هەروەها ئاراستەکردنی سەرجەم دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لەپێناو گەیاندنی هەموو جۆرە خزمەتێکح بۆ شنگال و دەشتی نەینەوا. هاوکات ئاراستەکردنی وەزارەتی دارایی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانی شنگال ئەوانەی خانووەکانیان خاپوور کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ