میدیای بەریتانیا: کارمەندانی UN لە عێراق بەرامبەر بە پێدانی گرێبەستی بازرگانی بەرتیل وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
کارمەندانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تۆمەتبار کراون بەوەی بەرامبەر بە پێدانی گرێبەستی پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە عێراق، بەرتیل لە بازرگانانی عێراقی وەردەگرن.
رۆژی سێشەممە، 23ی کانوونی دووەمی 2024، میدیای بەریتانیا بڵاویانکردەوە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق تۆمەتبار کراوە بە گەندەڵی لەو وڵاتە، یەکێک لەو بەرنامانەی یووئێنی لەسەر تۆمەتبار کراوە، پەیوەست بووە بە کارێکی رێکخراوی یووئێن دی پی و تایبەت بووە بە سندووقی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری، کە ئەو رێکخراوە لە ساڵی 2015 دەستیپێکردووە و 1.5 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە و لەلایەن 30 وڵاتەوە پارەکەی بۆ کۆکراوەتەوە.
لە دوای 2003، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بۆ عێراق تەرخانکردووە، بەڵام لەدوای زیاتر لە 20 ساڵ، هێشتا وڵاتەکە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، سەرەڕای ئەوەی ساڵانە داهاتێکی زۆر نەوتی هەیە و تەنیا ساڵی رابردوو، داهاتی نەوتی عێراق 115 ملیار دۆلار بووە.
بەهۆی بەربڵاوی گەندەڵی، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناچار بووە، زۆربەی پرۆژەکانی راستەوخۆ ئەنجامبدات و بەڵێنی شەفافی زیاتری لە دامودەزگە خۆماڵییەکان داوە.
لەبارەی ئەو تۆمەتانە، رێکخراوی یووئێن دی پی رایگەیاندووە، "رێکخراوەکە میکانیزمی تۆکمەی نێوخۆیی هەیە کە رێگریی لە هەر کارێکی گەندەڵی یان کاری نایاسایی دەکات یانیش زوو ئاشکرایان دەکات". راشیگەیاندووە، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون بە جیدی وەردەگرێت و "هیچ لێبووردەیی نییە بەرامبەر بە بەرتیل وەرگرتن و گەندەڵی".
رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، لەرێگەی دیدار و لێدوان وەرگرتن لە زیاتر لە 10 کارمەندی ئێستا و پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها لەگەڵ بەڵێندەر و بەرپرسانی عێراقی و رۆژئاوایی، ئاماژەیان بەوە کردووە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەنزین بە کولتووری بەرتیل وەرگرتن لە عێراق دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە، بۆ هەر گرێبەستێک کە لەلایەن ئەو رێکخراوەوە راگەیێندراوە، ستافی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لەسەدا 15ی بەهای گرێبەستەکانیان کردووە، لە بەرامبەردا ستافەکە، هاوکاری بەڵێندەر و بازرگانەکانیان کردووە بە سیستمە ئاڵۆزە چاودێرییەکەی یوئێندا دەرباز ببێت و گرێبەستەکان بەدەستبهێنن.
یەکێک لە بەڵێندەرەکان بەو رۆژنامەیەی راگەیاندووە، "هیچ کەس بێ پارەدان گرێبەست بەدەست ناهێنێت، لەم وڵاتە بێ پارەدان هیچ شتێکت دەستناکەوێت، نە لە حکومەت و نە لە UNDP".
کارمەندێکی یوئێن دی پی رایگەیاندووە، مامەڵەکانی نێوان بەڵێندەران و کارمەندانی یووئێن، زیاتر بە زارەکی بووە و لەسەر کاخەز نەبووە، بۆ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەبەردەست نەبێت و هەندێجاریش کەسانی باڵادەستی عێراقی وەکو نێوەندگیر سوودیان لێوەرگیراوە و یەکێکیش لە کارمەندەکانی یوئێن دەڵێت، "لایەنی سێیەمیش لەو مامەڵەیەدا پشکی هەیە".
هەروەها رێکخراوی یووئێن دی پی تۆمەتبار کراوە بەوەی خۆی کردووەتە خاوەنی هەندێک پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە عێراق کە ئەو رێکخراوە هیچ رۆڵێکی ئاوەدانکردنەوەی تێدا نەبووە و نموونەی بنکەیەکی تەندروستی لە باکووری عێراق دەهێننەوە کە لە ساڵی 2017 بەهۆی شەڕەوە زیانی پێگەیشتبوو، لەلایەن کەسانی خێرخوازەوە بوونیاتنراوەتەوە، بەڵام دواتر یوئێن دی پی خۆی کردووەتە خاوەنی ئەرکەکە.
لەبارەی ئەو تۆمەتانەی لە میدیای بەریتانیادا لەبارەی کارەکانی یووئێنەوە بڵاوکراونەتەوە، فەرهاد عەللادین، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە، "ئێمە قسە لەگەڵ بڕیاربەدەستانی یووئێن دەکەین و باس لەو لێکۆڵینەوانە و وردەکاری ئەو تۆمەتانە دەکەین و هەموو ئەوانەشی لە گەندەڵییەوە تێوەگلابن رادەستی دەسەڵاتی پەیوەندیدار دەکەین، پێداچوونەوەش بە هەموو بەرنامەکاندا دەکەین تاوەکو بگەینە راستی".