فیدراسیۆنی پەنابەران: پار نزیکەی نۆ هەزار عێراقی لە تورکیا دەستگیرکراون

23-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق رایگەیاند، ساڵی رابردوو نزیکەی نۆ هەزار هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە ویستوویانە بچنە وڵاتانی ئەوروپا، لە تورکیا دەستگیرکراون.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی، کە رێکخراوێکە بایەخ بە دۆخی پەنابەران و کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات، لەساڵی 2023دا و بە پشتبەستن بە ئاماری سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا، لەو وڵاتە 254 هەزار و هەشت پەنابەر دەستگیرکراون، ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2022 کەمیکردووە.
 
ئاماری دەستگیرکراوان بەمشێوەیە بووە:
 
- هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق: 8 هەزار و 803 پەنابەر.
- ئەفغانستان:  68 هەزار و 687 پەنابەر، لە پلەی یەکەمدان.
- سووریا: 58 هەزار و 621 پەنابەر، لە پلەی دووەمدان.
 
هەر بەپێی ئامارەکان لە ساڵی رابردوو، 19 هەزار و 17 کەس داوای مافی پەنابەرێتییان لە تورکیا کردووە، بەمشێوەیە بووە:
 
- ئەفغانستان: 13هەزار و 68 داواکاری.
- هەرێمی کوردستان و عێراق: 2 هەزار و 776 داواکاری.
- ئێران: هەزار و 416 داواکاری.
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا، فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق، ئامارەکانی دەستگیرکردنی قاچاخچیی لە تورکیا ئاشکراکردووە، بەپێی راپۆرتەکە لە ساڵی 2023دا 10 هەزار و 482 کەس بوون و ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2022 کە 9 هەزار و 147 قاچاخچی بوون زیادیکردووە.
 
لە راپۆرتەکەدا ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران ئاشکراکراوە، کە 226 کەس بوو و بەراورد بە ساڵی 2022 کە 345 کەس بوون کەمیکردووە، بەڵام ئەوە ئاشکرانەکراوە هاووڵاتیی کام وڵاتانەن.
 
 داواکردنی مافی مانەوە لە تورکیا، بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی پێکهێناوە، بەپێی ژمارەکان، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پلەی سێیەم دێن لە زۆرترین ئەو کەسانەی داوای مافی مانەوەیان کردبێت کە ژمارەیان 91 هەزار و 109 کەس بوون، ئەوەش بەبەراورد بە ساڵی 2022 کە 132 هەزار و 41 کەس بوون، کەمیکردووە، لەنێو ئەو کەسانەی ساڵی 2023 داوای مافی مانەوەیان لە تورکیا کردووە 5 هەزار و 990 کەسیان داوای مافی مانەوەی خوێندیان کردووە.
 
 سەبارەت بە دووبارە نیشتەجێکردنی ئەو پەنابەرانەی لە تورکیان، بەپێی ئاماری فەرمی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، ساڵی 2023، کەیسی 16 هەزار و 93 پەنابەر دراوە بەو وڵاتانەی کە پەنابەر لەو رێکخراوە وەردەگرن، لەو ژمارەیە 14 هەزار و 738 کەسیان پەنابەرانی سووری بوون، 7 هەزار و 647 دۆسیەیان پەسەند کراون و گەیشتوون بە وڵاتانی سێیەم.
 
سەبارەت بە ئامارەکانی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە تورکیا لەو دەروازەیەدا ژمارەیان زیاتر لە 147 هەزار پەنابەرن و لە پلەی یەکەمی پەنابەرانی نێودەوڵەتی سەر بەو رێکخراوە دێن، لە ساڵی رابردوو لەو ژمارەیە تەنیا کەیسی 40 پەنابەری هەرێمی کوردستان و عێراق دراوە بەو وڵاتانەی پەنابەر لە هەمان رێکخراو وەردەگرن، کە بەمشێوەیە بووە:
 
- ئوستڕالیا: 8 پەنابەر
- پۆرتوگال: 2 پەنابەر
- ئەمریکا: 30 پەنابەر
 
 لەکاتێکدا لە هەمان ساڵدا هەزار و 460 پەنابەری هەرێمی کوردستان و عێراق لە تورکیاوە لەرێگەی هەمان رێکخراوەوە گەیشتوون بە وڵاتانی سێیەم، بەڵام ئەم ژمارەیە هی ساڵانی 2014، 2015 و 2016یە کە لەلایەن ئەو وڵاتانەی خوارەوە وەرگیرابوون و لەساڵی 2023دا بەڕێکرابوون، کە بەمشێوەیە بوون:
 
- ئەمریکا: هەزار و 10 پەنابەر
- ئوسترالیا:  312 پەنابەر
- پۆتوگال: 82 پەنابەر 
- کەنەدا: 36 پەنابەر
- بەریتانیا: 20 پەنابەر 
 
رۆژی سێشەممە، 23-1-2024، هیوا خدر، نوێنەری فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەران لە تورکیا، لەبارەی ئامارەکانەوە بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تورکیا سنوورەکان و رێکارەکانی لە بەرامبەر پەنابەران تووندکردووەتەوە، بۆیە ئێستا پەنابەران، ئەوانەی دەیانەوێت بگەن بە ئەوروپا، رێگەی دیکە وەکو بێلارووس، پۆڵەندا و شوێنی دیکە دەگرنەبەر، ئەمە بەتایبەت بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستە."
 
هەروەها روونیشیکردەوە" ئەوەی هەیە بەشێک لە رێکارەکان پەیوەندییان بەوەوە هەیە کە ئێستا هەرکەس لەلایەن تورکیاوە دەستگیربکرێت و بنێردرێتەوە تاوەکو پێنج ساڵ ناتوانێت بچێتەوە بۆ ئەو وڵاتە."
 
سەبارەت بە ئاماری گیانلەدەستدانی کۆچبەرانیش گوتی، "ئامارەکان بەپێی هەڵگرانی وڵاتینامە بڵاوناکرێتەوە، بۆیە بە دیاریکراوی دیارنییە چەند عێراقی لە رێگەی کۆچ گیانیان لەدەستداوە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران کە بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە، لە ماوەی نۆ ساڵ، واتە لە 2015 تاوەکو 2023، 236 کەس کە هاووڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق بوون بێسەروشوێن بوون و 321 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، کە بەپێی دەزگاکە نیوەی زیاتری ئەو ئامارانە بە کۆچکردووان و بێسەروشوێنبوون و گیانلەدەستدانیشەوە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانن.
 
بەپێی ئەو دەزگایە، ئەو کەسانەی لە ساڵی 2023دا بێسەروشوێنن یان گیانیان لەدەستداوە، نۆ کەس بوون.  
 
بەپێی ئاماری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، لە ساڵی 2023دا، 286 هەزار و 292 پەنابەر بە نایاسایی گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا، 257 هەزار و 242 پەنابەریان لە رێگەی دەریا و 29 هەزار و 50 پەنابەریشیان لە رێگەی وشکانیەوە بووە، لەکاتێکدا ژمارەکە لە ساڵی 2022دا 189 هەزار و 620 پەنابەر بوون.
 
ئەو پەنابەرانەشی لەو ساڵەدا لە رێگەی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێنن، سێ هەزار و 711 کەس بوون، کە بەراورد بە ساڵی 2022 کە دوو هەزار و 970 پەنابەر بوون، زیادیکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت