هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت "قەیرانی" دابەزینی بەهای دینار و بودجە تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە؛ "قەیرانی" دابەزینی بەهای دینار و پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023یان تاوتوێ کرد. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە نووسینگەی نووری مالیکی کۆبووەوە. هاوپەیمانییەکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان تاوتوێ کراون، لەگەڵ رێکارەکانی ئەمدواییانەی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دابەزینی بەهای دینار."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "روونکردنەوەیەکی وردی دا، لەبارەی ئەو چارەسەرییانەی کە حکومەت پێشکێشی کردوون، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ سەر چینی هەژار و پەراوێزخراون. لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە گونجاو و پێویستییانەی لە پۆستەکان کراون کە پەیوەندییان بە هەڵبەزین و دابەزینی دیناری عێراقی هەبووە." 
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تاوتوێکردنی گرنگترین ئەو پرۆژەیاسایانە بووە کە بەبڕوای بەشداربووانی کۆبوونەوەکە "پێویستە" پەرلەمان پەسندیان بکات، دیارترینیان پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵییە، لەگەڵ ئەو پرۆژەیاسانەی پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە. 
 
ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەرمیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 23-01-2023 بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە گۆڕینی مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و راسپاردنی عەلی موحسین عەلاق بۆ بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندیی عێراق بە وەکالەت. 
 
عەلی موحسین عەلاق پێشتر لەنێوان ساڵانی 2014 و 2020 پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بوو و لە ساڵی 2020یش کرایە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگارانی "سندووقی نەختینەی عەرەبی."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها بڕیاریداوە بە خانەنشینکردنی بەڕێوەبەری بانکی بازرگانیی عێراق - TBI و راسپاردنی بیلال حەمدانی، کە بەڕێوەبەری گشتیی بانکی پیشەسازیی عێراقە، بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری بانکەکە.
 
ئەم گۆڕانکارییە لەکاتێکدایە، زیاتر لە مانگێکە دینار لە بەرامبەر دۆلار بەهاکەی دابەزیوە. 
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.
 
بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوو بەهای 100 دۆلار لە نێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و لەو رۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ بازاڕی دراو لە عێراقدا ناجێگیرە.
 
هەفتەی رابردوو، دابەزینی بەهای دینار ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد، بە جۆرێک 100 دۆلار بۆ سەرووی 167 هەزار دینار بەرزبووەوە.