دژەتیرۆری عێراق: لە دوو ساڵی رابردوودا 343 چەکدار و ئەندامی داعشمان کوشتووە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەڵێت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گورزی گەورەیان لە رێکخراوی داعش داوە و سەدان چەکداری ئەو رێکخراوەیان کوشتووە.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق رۆژی یەکشەممە 23-01-2022 بڵاویکردەوە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 694 چالاکییان دژی رێکخراوی داعش ئەنجامداوە و لەو چالاکییانەشدا 343 ئەندام و چەکداری رێکخراوەکەیان کوشتووە.
لە بڵاوکراوەکەی دەزگای دژەتیرۆری عێراقدا هاتووە، لە هەمان ماوەدا 622 چەکداری داعش دەستگیرکراون و رەوانەی دادگە کراون بۆئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.
دەزگاکە ژمارەی کەرەستە و ئامێرە تێکشکێندراوەکانی رێکخراوە پەڕگیرەکەشی لە هەمان ماوەدا بە 442 دانە دەستنیشان کردووە و ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 595 هێرشی ئاسمانی بۆسەر پێگە و چەکدارەکانی رێکخراوەکە ئەنجامدراون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، "ژمارە ئاماژە پێدراوەکان لای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵات دۆکیۆمێنت کراون، ئەمەش جیا لەوەی بە دۆکیۆمێنت بۆ رای گشتی ئاشکرا کراون و ئێستاش دۆکیۆمێنتەکان لەبەردەستن".
لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا، دەزگای دژەتیرۆری عێراق هەڕەشە لە داعش دەکات و دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا گورزی تەمبێکارانەی تووند لە پاشماوەکانی داعش دەدەن.