بەهمەن قوبادی نامەیەک بۆ نوری مالیکی دەنێرێ

23-01-2014
عومەر شایان
نیشانەکردن نووری مالیکی بەهمەن قوبادی
A+ A-
رووداو-هەولێر

سینەماکاری بەناوبانگی کورد نامەیەک بۆ نووری مالیکی دەنووسێت و ئاماژە بەوە دەکات:" لەهەموو ئەو ساڵانەی کە کوردی عێراق کۆمەڵکوژ دەکران، کیمیاباران دەکران و یا ئەوەی کە چنگی خوێناوی ئەنفال، رووخساری خاوێن و ناسکی کوردستانی دەڕوشاند، ئێوە لە کوێی بوون؟"
بەهمەن قوبادی نامەکەی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردۆتەوە دەڵێت:" بە پارەی ئەو هەموو نەوتەی کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا فرۆشتووتانە، چ کارێکی ئەوتۆتان بۆ شیعە و سوننەکان کردووە کە کوردەکانیش دڵیان پێی خۆش بێت و متمانەیان بە لێهاتوویی و هاودڵیی ئێوە هەبێت و دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوت بە ئێوە بسپێرن؟ نە شتێکتان بە ژێرخانی وڵاتەکە زیاد کرد و نە بە ئاسایش و سەقامگیرییەکەی."

ئەمەش دەقی نامەکەی بەهمەن قوبادییە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق نووری مالیکی

جەنابی مالکی، سەرۆک وەزیرانی بەڕێزی عێراق
سڵاو

بە زمانی فارسی نامەکەتان بۆ دەنووسم، چونکە دەزانم لە تەواوی ئەو ساڵانەی کە لەگەڵ هەڤاڵان و هاوبیرەکانتان لە ئێران ژیانتان بەسەردەبرد، بە باشی فێری ئەم زمانە بوون، بەکارتان هێناوە و ئێستاش هەر بەکاری دێنن. 
من هەمووکات لە دنیای سیاسەت بێزاربووم و بەردەوام لە سیاسەتمەدارەکان دوورە پەرێز بووم، بەڵام هۆی ئەوەی کە ئێستا وازم لەم خووە بەدەر لە عادەتەم هێناوە و ئەم نامەیەم بۆ ئێوە نووسیوە، ئەوە بوو کە ئەمڕۆ، لەدوای شوێن کەوتنی هەواڵەکانی عێراق و ناوچەکە، بینیم کە بە زمانی هەڕەشە قسەدەکەن.

کاتێک کە لە کوردستانی ئێران بووم دەمبینی کە لە گەرمەی شەڕدا، پارەیەک کە لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی دەبوو بۆ ژیان، ئاسایش و کەلتووری ئێمەی کورد سەرف بکرێت، بە بیانووی جۆراوجۆری سیاسی بۆ دابینکردنی خەرجە گەورەکانی ئێوە و کەسانێکی وەکوو ئێوە سەرف دەکرا. ئێستا دوای تێپەڕبوونی ئەم هەمووە ساڵە، وا دیارە خولیای نەوت و پارەی نەوت، وێڵی نەکردوون و بە شوێن تۆمارکردن و دەست بەسەرداگرتن و چاودێری بەسەر داهاتی نەوتی هاووڵاتیانی کوردی خۆتان لە بەرژەوەندی دەوڵەتیی ناوەندی عێراقن. ئەو هاووڵاتیانەی کە ـ بەڕاستی بڵێم ـ لە نیشتمان پەروەی ئێوەدا رەشبینن.
 
لەهەموو ئەو ساڵانەی کە کوردانی عێراق کۆمەڵکوژ دەکران، کیمیایی دەکران و یا ئەوەی کە چنگی خوێناوی ئەنفال، روخساری خاوێن و ناسکی کوردستانی دەڕوشاند، ئێوە لە کوێی بوون؟
 مەگەر ئەوکات کوردەکان هاووڵاتی ئێوە نەبوون؟ ئێوە و هەڤاڵانتان لەم وڵاتە رۆیشتن و لە چاوەڕوانی رۆژانی خۆشی سەرۆک وەزیری، سووچێکی ئەمن و بێدەنگتان بۆ خۆتان هەڵبژارد. بەڵام کوردەکان لە وڵاتەکەیاندا مانەوە و لەگەڵ شەڕ و تاڵانکردن و توندووتیژی و هەژاری رۆژگاریان بەسەر برد و ئەویندارانە خزمەتی نیشتمانەکەیان کرد.

ئێستا، دروست کاتێک هەلوومەرجەکە رەخساوە تا پاش ئەو هەموو بەڵا و نەگبەتییە، بتوانن بە فرۆشی نەوت، نیشتمانی دایکییان، ماڵە رووخاوەکەیان سەرلەنوێی بونیاد بنێنەوە، ئەو زەویانەی کە پڕ لە مینن بۆ کشتووکاڵ ئامادەی بکەن و بۆ لەشە کەمئەندامەکانی خەڵکی ئەم نیشتمانە دەست و پێی دەستکرد دروست بکەن، دەتانەوێت رێگە لەوانە بگرن و لە پێکهێنانی بەهەشتێک لە باکووری وڵاتەکەتاندا بەرگری بکەن؟

بە لەبەر چاوگرتنی ئەو هەمووە نەوتەی کە لە ناوەند و باشووری عێراق دەیفرۆشن، چ پێویستییەکتان بەم چەند بیرە نەوتییەی کوردستان هەیە؟ لەراستیدا بە پارەی ئەم هەمووە نەوتەی کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا فرۆشتووتانە، چ کارێکی ئەوتۆتان بۆ عێراقییە شیعە و سوننەکان کردووە کە کوردەکانیش دڵیان پێی خۆش بێت و متمانەیان بە لێهاتوویی و هاودڵیی ئێوە هەبێت و دەسەڵاتی فرۆشی نەوت بە ئێوە بسپێرن؟ نە شتێکتان بە ژێرخانی وڵاتەکە زیاد کرد و نە بە ئاسایش و سەقامگیرییەکەی. کاتێک کوردەکان ئێوە سەربەست لە هێزە بیانییەکان دانانێنن و لەو بڕوایەدان دەوڵەتی ئاڵۆز و بێ دەسەڵاتی ئێوە زیاتر لەوەی کە لە بیری خەڵکەکەیدا بێت لە بیری هاوڕێیی و هاودڵیی لەگەڵ هێزەکانی بیانی دایە، ئاشکرایە کە رووی خۆشی خۆیان نیشانی ئێوە نادەن. بۆچی دەبێت داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێی سندووقی دەوڵەتی ناوەندییەوە تێپەڕێت؟ کاتێک مەترسی ئەوە هەیە کە بەشێک لەم پارەیە بڕژێتە گیرفانی دەڵاڵەکانی چەکەوە و بواری سەرکوتکردن و کوشتن لە بەشێک لەم وڵات یا ئەو وڵاتەی دیکە بڕەخسێت؟ 
بەڕێز سەرۆک وەزیر!

لە جیاتی پەرەپێدان بە رق و دوژمنایەتیی و دووبەرەکی نەتەوەیی و ئایینییەکان، وا باشتر نییە دەست بە کارێکی باش و رێکووپێک بکەن و بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدڕاڵ، پێکهاتوو لە شیعەکان، سوننەکان و کوردەکان لە ژێر یەک ئاڵا، هەم ئاشتی و خۆشی و بەرەوپێشکەوتن بۆ وڵاتەکەتان بە دیاری بێنن و هەمیش ناو و ناوبانگێکی باش لە خۆتان لە مێژوو تۆماردەکەن؟ ترسم لەوەیە کە بە درێژەپێدانی ئەم رەوتە، روخسارێکی ناحەز و رەش و لێل و ناوێکی خراپ لە خۆتان لە کتێبی مێژووی وڵاتدا تۆمار بکەن. 
بەڕێز سەرۆک وەزیر! ئایا تا ئەم کاتە بەدەر لە پیشەی سیاسیەت و دنیای سیاسیەت، چاوتان لە نەخشەی عێراق کردووە تا ببینن کوردستان لە کوێی ئەم نەخشەیە دایە؟ دڵی عێراق نیشانەی خۆتان مەکەن بەڕێز سەرۆک وەزیر، کە ئاکامێکی باشی نییە، مەهێڵن بەهاری کوردی سەرهەڵبدات. چ گرفتێک دێتە پێشێی بێتوو بهێڵن عێراق لە ناو دڵیدابەهەشتێکی تێدابێت؟


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە