پاسپۆرتى عێراق دوو بڕیارى نوێى دەرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى ناوخۆ دوو بڕیار لەبارەى دەرهێنانى پاسپۆرت دەردەکات. لەمەودوا هاووڵاتیان لە هەر پارێزگایەک بیانەوێت دەتوانن مامەڵەى دەرهێنانى پاسپۆرت بکەن بەبێ ئەوەى پەیوەست بکرێت بە شوێنى نیشتەجێبوونیانەوە.
 
بڕیارەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ى کانوونى یەکەمى 2024، دەرکراوە، واژۆى نەشئەت خەفاجى، بەڕێوەبەرى گشتیى بەڕێوەبەرایەتى بارى شارستانى و پاسپۆرت و نشینگەى عێراقى لەسەرە. ئاماژەى بەوە داوە کە رەزامەندى عەبدولئەمیر شەممەرى، وەزیرى ناوخۆ وەرگیراوە بۆ ئەوەى پاسپۆرت لە هەر بەشێکى سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییە بێت لەنێو عێراق، بدرێتە هاووڵاتیان بەبێ بەستنەوە و پابەندکردنى بە شوێنى نیشتەجێبوونی.
 
سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرى پاسپۆرتى سلێمانى دەرکردنى ئەو بڕیارەى پشتراستکردەوە و بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "پێشتر دەبوو هاووڵاتیان بۆ دەرهێنانى پاسپۆرت لە هەمان ئەو شارە مامەڵەیان بکردایە کە تێیدا دەژیان و کارتى زانیارییان ئەو شارە بێت، بەڵام دواى ئەو بڕیارە هاووڵاتییان دەتوانن لە پاسپۆرتى هەر شارێک بێت مامەڵەکانیان بکەن، چونکە سیستمەکە ئەلیکترۆنییە و گوشار لەسەریان دروست نابێت."
 
لەنێو عێراق 50 ناوەندى ئەلیکترۆنى دەرهێنانى پاسپۆرت و لە دەرەوەى وڵاتیش 20 ناوەندى دیکە هەن کە بە شێوەیەکى ئەلیکترۆنى مامەڵەى دەرهێنانى پاسپۆرت دەکەن.
 
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى بەڕێوەبەرایەتیی بارى شارستانى و پاسپۆرت و نشینگەى عێراق ئەوەیە بۆ  بەدەستهێنانى پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى تەنیا پشت بە کارتى نیشتمانى دەبەسترێت.