رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، خوازیارن پرۆسەیەکى سیاسی لە سووریا بونیاد بنرێت کە بەرهەمى گەلى سووریا بێت؛ "رێکخراوى داعش لە سووریا گەشەى کردووە و چەکى نوێی دەست کەوتووە."
ئەو قسانەی فوئاد حوسێن لە دواى کۆبوونەوەى بوو لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدى، وەزیرى دەرەوەى عومان کە یەکشەممە، 22ى کانوونى یەکەمى 2024، بە سەرۆکایەتیى شاندێکى وڵاتەکەى گەیشتە بەغدا.
لەو دیدارەدا ژمارەیەک یاداشتى لێکتێگەیشتن واژۆ کران. بە گوێرەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق باسیان لە هەوڵى هاوبەشى هەردوولا کردووە بۆ لابردنى ڤیزاى گەشتیاری لە نێوان هەردوولا وڵات.
بەشێک لە کۆبوونەوەى نێوان وەزیرانى دەرەوەى عێراق و عومان تایبەت بوو بە دۆخى سووریا و چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخى ناوچەکە.
لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا، وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن و هەوڵدەدەن هاوکاریى گەلى سووریا بکەن بۆ بونیادنانى پرۆسەیەکى سیاسى کە ئەنجامى بەرهەمى گەلى سووریا خۆیان بێت. هیوادارن ئەو پرۆسە سیاسییە سەقامگیریى سووریا و رێزگرتنى دراوسێیەتى و هاوکاریى ناوچەیی لێبکەوێتەوە و نوێنەرانى سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن.
8ى کانوونى یەکەمى 2024، دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا و حکومەتێکى کاتى بۆ قۆناخى راگوزەر پێکهێنراوە، عێراق سنوورەکانى خۆى لەگەڵ ئەو وڵاتە تووند کردووەتەوە بۆ رێگرى لە دزەکردنى گرووپە چەکدارەکان بۆ ناو خاکەکەى.
فوئاد حوسێن گوتى: "نیگەرانیمان روونە لە بارەى گەشەکردن و فراوانبوونى دەسەڵاتى رێکخراوە تیرۆریستییەکان، بە تایبەت داعش لە سنوورى ئەودیوى عێراق لەگەڵ سووریا و لە ناو ئەو وڵاتە، ئەو گرووپە تیرۆریستییانە کە مەبەستمان داعشە، توانیویانە چەکى نوێیان دەست بکەوێت."
19ى کانوونى یەکەمى 2024، عێراق 905 سەرباز و پلەدار و 36 فەرمانبەرى سووریاى لەسەر داواى خۆیان گەڕاندەوە وڵاتەکەیان کە رۆژێک بەر لە رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد پەنایان بۆ عێراق هێنابوو.
بەدر ئەلبوسەعیدى، وەزیرى دەرەوەى عومان گوتى: "جەختمان لەسەر چڕکردنەوەى هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردووەتەوە بۆ چارەسەرى کێشەکان و هێنانە کایەى سەقامگیریی لە ناوچەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ