پارێزگاری نەجەف: دیداری هەولێر-نەجەف لە دۆخێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

یوسف گەنناوی، پارێزگاری نەجەف رایدەگەیێنێت، دیداری نەجەف-هەولێر "دیدارێکی زۆر گرنگە و لە دۆخێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت" کە عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕن.  
 
رۆژی شەممە، 21-12-2024، دووەمین دیداری نەجەف - هەولێر لە شاری نەجەف بەڕێوەچوو، کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو رێکخرابوو. 
 
هەردوو لایەنی کورد و شیعە بۆچوونی خۆیان لەبارەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و شیعە دەربڕی. 
 
پارێزگار نەجەف، گوتی: "دیدارێکە لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراقە، کە کورد و شیعەن. زۆر گرنگە کەسایەتییە رێزدارەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی فوراتی نێوەڕاست و باشووری عێراق و بەغدا گفتوگۆی هزری و رۆژشنبیریی دەکەن".
 
یوسف گەنناوی،  باسی لەوە کرد، دیدارەکە لە شاری نەجەفی پیرۆز کرا، ئەوەش بەهۆی گرنگی پارێزگاکە و رۆڵی گرنگی مێژوویی لە هەموو ئاستەکاندا.
 
پارێزگار نەجەف، هانی ئەو جۆرە دیدار و کۆبوونەوانەی دا و گوتی: "پارێزگاری نەجەف و مەرجەعیەتی ئایینی لە نەجەف لە جیهانی شیعە و جیهاندا بەگشتی کاریگەری هەیە."
 
گەنناوی جەختی لەوەکردەوە، ناکۆکیی سیاسی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق نییە. سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە لەوانەش پارێزگای سلێمانی، بۆ ئەوەی بێن و وەبەرهێنان لە نەجەفدا بکەن.
 
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، حەیدەر بەرزنجی، قسەی کرد، کە یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی لە دیدارەکەدا بەشداربوو گوتی: "ئەم میوانداریەی نەجەف لە کاتێکی گرنگ و پێویست بوو، هاوکاتە لەگەڵ ئەو رووداوانەی کە لە ناوچەکەدا روودەدەن."
 
حەیدەر بەرزنجی جەختی لەوەکردەوە، ئەم زنجیرە گفتوگۆیانە لە رابردوو کراون، بەڵام ئەوەی ئەمجارە جیاوازە.
 
هەروەها گوتی، هەموو هەڵبەزین و دابەزینە سیاسییەکان لە بازنەی سیاسی قەتیسکراون. گفتوگۆیەکی هزری و ئەکادیمی و رۆشنبیریی لەم شوێنە گرنگ و پیرۆزە کراوە. پیاوانی ئایینی و ئەکادیمییەکانی کوردستان میوانداری کران و گفتوگۆی زۆر کرا.
 
بەرزنجی راشیگەیاند، زۆر باسی بابەتی کەرکووک کرا، ماوە ماوەش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. خەڵکی کەرکووک خۆیان چارەنووسی شارەکە دیاری دەکەن. کەرکووک شاری پێکەوەژیان و برایەتیی هەموو عێراقییەکانە. گوتیشی: "ئێمە خاوەن بڕیار نین، تاوەکو باسی چارەنووسی کەرکووک بکەین. کەرکووک دۆخێکی تایبەتە، هەموو لایەنە سیاسییەکان پێیانوایە ئەو دۆخەی ئێستای کەرکووک خزمەت بە هەمووان دەکات".
 
دیداری یەکەمی نەجەف ساڵی 2019 لە هەولێر بەڕێوەچوو. دیدارەکە بەشێکە لە پڕۆژەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.