رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، وادەی کردنەوەی فڕۆکەخانەی مووسڵی راگەیاند و دەڵێ، لە ساڵی داهاتوو، لە رۆژی داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 22-12-2024)، لە چوارچێوەی لەسەردانەکەیدا بۆ پارێزگای نەینەوا، چووە فڕۆکەخانەی موسڵ و کارەکانی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکەی بەسەرکردەوە .
زیاتر لە 80٪ـی کارەکانی دروستکردنی رێڕەوی فڕۆکەخانە و هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکە تەواوبووە. سوودانی گوێی لە بەرپرسانی کۆمپانیای جێبەجێکار گرت و بڕیاری دا سەرجەم ئەو ئاستەنگییانە لاببرێت، کە هاتووەتە بەردەم کارەکانیان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی بڕیاری دا رۆژی 10ـی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو فڕۆکەخانەکە بکرێتەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی داگیرکردنی موسڵ، "ئەوەش پەیامێکی ئاڵنگارییە بۆ تیرۆر."
فڕۆکەخانەی موسڵ لە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان نۆژەن دەکرێتەوە.
تاوەکو مانگی ئاداری رابردوو 30٪ کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە تەواوبوو، بەڵام لە هەشت مانگی رابردوودا نۆژەنکردنەوەی 80٪ـی تێپەڕاندووە.
فڕۆکەخانەکە بەگوێرەی مەرجەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی و کۆمپانیای ئاسمانیی نۆژەن دەکرێتەوە.
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ لە ساڵى 1920 دەست بە بونیتنانی کرا و رووبەرەکەى هەزار و 600 دۆنمە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا لە موسڵ لە ساڵانی 2014 - 2017، 70٪ـی ئەو فڕۆکەخانەیە وێرانبوو.
رۆژی 10ـی ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتى عێراق بەردى بناخەى نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەکەی دانا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ