رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەیەکی دوورەدەستی عێراق، گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵدەدرێتەوە، کە ئێسکوپروسکی نزیکەی 150 ژن و منداڵی کوردی تێدایە، هەموویان پێش ئەوەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا بشاردرێنەوە، گوللـەیان لێ دراوە.
گۆڕە بەکۆمەڵەکە، دەکەوێتە ناوچەی تەل شێخ، سەر بە قەزای سەلمان لە پارێزگای سەماوە، 130 کیلمەتر لە ناوەندی پارێزگای سەماوە دوورە.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ گۆڕە بەکۆمەڵەکە لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە دۆزراوەتەوە و ئەمڕۆ (یەکشەممە، 22-12-2024) پرۆسەی هەڵدانەوەی دەستیپێکرد.
دیمەنەکانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکە زۆر کاریگەرن؛ پاشماوەی ئێسکوپروسکی ژنان بە جلوبەرگی کوردییەوە دەردەکەوێت، کە باوەشیان بە منداڵەکانیاندا داوە، پێش ئەوەی بکوژرین و لەو بیابانە دوورەدەستەدا بشاردرێنەوە.
گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە شوێنێکی ئەوەندە دوورە، کە دەبێت 18 کیلۆمەتر رێبکەیت تاوەکو دەگەیتە رێگەیەکی قیر، لەو رێگەیەشەوە 40 کیلۆمەتری دیکە بڕۆیت ئینجا دەگەیتە یەک، دوو ماڵی گوندێک.
هێشتا نازانرێت بەدیاریکراوی چەند کەس لەنێو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا شاردراونەتەوە، بەڵام مەزەندە دەکرێت نزیکەی 150 ژن و منداڵ بن؛ ئێستا تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەستەی شەهیدانی عێراق، خەریکی کارکردنن بۆ دەرهێنانی ئێسکوپروسکەکان و تۆمارکردنی بەڵگەکان.