لە سەڵاحەدین پێنج کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

پێنج کەس لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای سەلاحەدین گیانیان لەدەستدا. 
 
رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ (شەممە، 21-12-2024)، لەسەر رێگەی  بێجی - تکریت لە نزیک ناوچەی مەعەسکەرات لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین لە نێوان تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی، تاکسییەک و ئۆتۆمبێلێکی دیکە روویدا.
 
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەڵاحەدین، ئەمڕۆ  یەکشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی رووداوەکە "پێنج کەس" گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، سێ ژن و دوو پیاون. شوفێری تانکەرەکە و ژنێک و منداڵێکی ساواش برینداربوونە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەى سەرژمێری و سیستمى زانیاریى جوگرافیی عێراق، ساڵى رابردوو 11 هەزار و 552 رووداو لە عێراق روویانداوە و 3262 رووداویان گیانلەدەستدانیان لێکەوتووەتەوە.