حکومەتی عێراق 200 مووچە بە قەرز دەداتە خانەنشینان

22-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی دەستەی گشتی خانەنشینیی عێراق دەڵێت، دەستەکەیان بە پێدانی پێشوەختەی 200 مووچەی خانەنشینان وەک قەرز رازییە و ئاماژە بەوە دەکات، "خانەنشینان بە هەمان رێکارەکانی تایبەت بە قەرزدان بە فەرمانبەران دەتوانن قەرزەکە وەربگرن".
 
گوتەبێژی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "ئەو قەرزدانە ئێمە ناگرێتەوە. خەمی سەرەکیمان ئێستا هاوتاکردنی مووچەکانمانە لەگەڵ خانەنشینانی عێراق".
 
رۆژی هەینی 22-12-2023، عەلا محەممەد، گوتەبێژی دەستەی گشتی خانەنشینیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، رۆژی 17ـی ئەم مانگە ماهیر حوسێن رەشید، سەرۆکی دەستەکەمان نووسراوی بۆ سەرجەم بەشەکان و لقەکانی دەستەکە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کرد و تێیدا هاتووە کە بانکی رافیدەین رەزامەندی پیشانداوە 200 مووچە وەک قەرز بدات بە خانەنشینان بەو مەرجەی بڕی پارەکە 150 ملیۆن دینار تێنەپەڕێت".
 
عەلا محەممەد گوتی، "مەرجەکانمان هەمان ئەو مەرجانەن کە بۆ قەرز بە فەرمانبەران هەن و خانەنشینان دەتوانن دەست بە مامەڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی سوودمەند بن".
 
لە عێراق نزیکەی چوار ملیۆن خانەنشین هەن، بەڵام ئەو قەرزەی دەستەی خانەنشینی بڕیاری لەسەرداوە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە کە بەپێی رێکخراوی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، نزیکەی 250 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
 
رۆژی هەینی 22-12-2023، سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە خەمی سەرەکیمان هاوتاکردنی مووچەکانمانە، دواتر دەچینە سەر قەرزەکان کە ئێمەی لێ سوودمەند نین، چونکە نە هەژماری بانکیمان لەسەر بانکی رافیدەینە و نە مووچەشمان لە وادەی خۆی دابەش دەکرێت. بەداخەوە لە زۆر ئیمتیازات کە خانەنشینانی عێراق هەیانە بێبەشین".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت