شانەی ئەمنیی عێراق: 18 داواکراومان دەستگیرکرد یەکێکیان لە کۆمەڵکوژییەی سپایکەر تێوەگلاوە


رووداو دیجیتاڵ 

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، دوای هەوڵێکی هەواڵگریی توانیویانە 18 داواکراوی دادگەکانی عێراق دەستگیربکەن کە هەشت ساڵە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە، یەکێک لەو کەسانە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی سەربازگەی سپایکەر لە پارێزگای سەلاحەدینەوە تێوەگلاوە و بە بەڵگەنامەی ساختەوە لە دەرەوەی عێراق بووە. 
 
رۆژی هەینی، 22-12-2023، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "دوای هەوڵێکی چڕ و چاودێری و هەوڵ و پێگەیشتنێکی جۆریی هەواڵگری و بە هاوئاهەنگییەکی بەردەوام لەگەڵ فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دەزگا ئەمنییەکان توانیان 18 کەس دەستگیر بکەن کە لە ساڵی 2015ەوە هەڵاتوون بۆ دەرەوەی عێراق و یەکێکیان لە کوشتنی سەدان هاووڵاتیی عێراقییەوە تێوەگلاوە و بە بەڵگەنامەی ساختەوە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ خۆی حەشاردابوو."
 
لە 12ـی حوزەیرانی 2014 زیاتر لە 1200 سەربازی سەربازگەی سپایکەر کە بەشی زۆریان شیعە مەزهەب بوون لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژران، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی داعش لە دوای رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردوونەتەوە ئەوان داوا دەکەن نەکوژرێن، بەڵام داواکەیان بێئەنجام بوو. 
 
رۆژی 21ـى ئابى 2016، سزاى لەسێدارەدان بەسەر 36 تاوانبارى دۆسیەی سپایکەر جێبەجێکرا؛ هەروەها لە 8ـی ئابى 2017، دادگەى ناوەندى تاوانەکان لە عێراق سزاى لەسێدارەدانى بۆ 27 تۆمەتبارى دیکە دەرکرد. 
 
سزادانى ئەو تۆمەتبارانە لەسەر بنەماى مادەى چوارى یاساى بنبڕکردنى تیرۆرى ساڵى 2005 بووە، کە تایبەتە بە بەشداری راستەوخۆ لە کارى "تیرۆریستى" و سزاکەى زۆربەی جار لەسێدارەدانە.