مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: هێرشمان کردە سەر ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، دەڵێت بە "چەکی گونجاو" هێرشیان کردووەتە ئیسرائیل، بەڵام بەرپرسان و میدیای ئیسرائیل، هیچ شتێکیان لەبارەی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە.
رۆژی 22-12-2023 گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێن، لە تەلەگرام بڵاوی کردەوە: "لە درێژەی بەردەوامبوومان لەسەر رێبازی رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەر، سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان لە غەززە، وەڵاممان لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی قەوارەی زایۆنی لە دژی دانیشتووانی غەززە دەیکات، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی ئامانجێکیان لە ناوچەی ئوم رەشراش (ئیلات) بە چەکی گونجاو پێکا."
ئەوە یەکەم جار نییە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەڵێت، ناوچەکانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، پێشتر لە 2-11-2023 گرووپەکە رایگەیاندبوو لە کەناراوەکانی دەریای مردوو، هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجێکی ئیسرائیل، رۆژی دواتریش گرووپە راگەیاند، ئامانجێکیان لە ناوچەی ئیلات پێکاوە.
گرووپەکە لە 12-11-2023ش بە هەمانشێوە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە چەکی گونجاو هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجێکی ئیسرائیل لە ئیلات.
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.
یەکەم هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر هێزەکانی بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو، کە رایانگەیاند بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر.
بەپێی راگەیێندراوەکانی گرووپەکە، لە دوای 18ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 100 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر هێزەکانیان بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق، ئەم هێرشانە رانەگرن، ئەوان بۆ پاراستنی سەرباز و کارمەندەکانیان بەبێ دوودڵی وەڵامیان بۆ ئەو هێرشانە دەبێت. ئەو دەشڵێت، دوایین هێرشی ئەو گرووپانە بۆ سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان بووە لە بەغدا.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 77 جار هێزەکانیان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج، لە بەرامبەر ئەو هێرشانە، ئەمریکاش لە رۆژئاوا و نێوەڕاستی عێراق پێگەی ئەو گرووپانەی بۆردوومانکرد و بووە هۆی کوژرانی 15 چەکدار کە ئەمریکا بە ئەنجامدەری هێرشەکانیان دەزانێت.