رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئەمڕۆ لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی قسەی بۆ باڵیۆزەکانی ئیتاڵیا کرد و رایگەیاند، بۆ پیرۆزباییکردنی کریسمس لە سەربازانی وڵاتەکەی لە هەولێر و بەغدا، ئەمشەو بەرەو عێراق بەڕێدەکەوێت.
میدیای ئیتاڵیا لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، جۆرجیا میلۆنی لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێدەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات و بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی سەربازەکانی ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
رۆژنامەی ریپابلیکای ئیتاڵیش بڵاویکردووەتەوە، بۆ ئەمساڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بڕیاریداوە سەردانی عێراق بکات. میدیاکە باسی کار و چالاکییەکانی میلۆنی لە بەغدا نەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
میلۆنی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزەکانی وڵاتەکەیدا گوتی: "ئەم ئێوارەیە بەرەو عێراق بەڕێدەکەوم."
رۆژنامەی لا ریپابلیکا دەڵێت، لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، جۆرجیا میلۆنی نامەیەکی بۆ مەسرور بارزانی ناردووە و پێی گوتووە "ئیتاڵیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ و وزەدا بەهێز بکات".
ئەمە یەکەم سەردانی جۆرجیا میلۆنی دەبێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها دەبێتە دووەم سەردانی بەرپرسانی باڵای ئەوروپی بۆ ناوچەکە لە ماوەی کەمتر لە 10 رۆژدا، دوای ئەوەی کە هەفتەی رابردوو سەرۆکی هەنگاریا سەردانی بەغدا و هەولێری کرد.
بە گوێرەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئیتاڵیا 900 سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە کە زۆربەیان لە هەولێرن و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و هاوپەیمانیی ناتۆ، خزمەت دەکەن.
هەروەها لە مانگی ئادارەوە، ئیتاڵیا بە فەرماندەیی جەنەڕال جیۆڤانی ماریا یانووچی، سەرۆکایەتیی ئەرکی ناتۆ لە عێراق دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ