ئاسن و سکراپەکانی موسڵ لە هەولێر دەکرێنە شیش

22-12-2017
دیار کوردە @diyarkurda
دارین ستیل، لە رۆژێکدا 130 تۆن شیش لە ئاسنی کۆن و، سکراپەکان بەرهەمدەهێنێت
دارین ستیل، لە رۆژێکدا 130 تۆن شیش لە ئاسنی کۆن و، سکراپەکان بەرهەمدەهێنێت
نیشانەکردن ئاسن سکراپ موسڵ هەولێر
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە دەستی چەکدارانی داعش، ئەو شارە بووەتە وێرانەیەک. لە پاشماوی خانوو و باڵاخانە رووخاوەکانیش ئاسن و سکراپی زۆر بەجێماوە، سیکراپی شاری موسڵیش لە کارگەیەکی شاری هەولێر دەکرێتەوە بە شیش.

سکراپەکە بەشێکی هی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکانن، بەشێکی دیکەشی هی ئەو ئۆتۆمبێلانەن کە بەهۆی شەڕی موسڵەوە تەقێندراونەتەوە، یان بەهەر هۆیەک لە هۆیەکان لەکارکەوتوون.

سکراپە کۆکراوەکانی موسڵ، دوای کۆکردنەوەیان دەگوازرێنەوە یەکێک لە کارگەکانی شیش لە هەولێر و، دەکرێنە شیش و دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە.
 
دارین ستیل، لە رۆژێکدا 130 تۆن شیش لە ئاسنی کۆن و، سکراپەکان بەرهەمدەهێنێت. بەهۆی زۆری سکراپیش لە موسڵ، ئێستا زیاتر لە 80%ـی ئاسنی کۆن و، سکراپەکان لەو شارەوە بۆ کۆمپانیاکە دابیندەکرێت. 

بەگوتەی بەرپرسانی کارگەکە، ئەو سکراپەی لە موسڵ دەهێنرێت، جگەلەوەی شارەکە پاکدەکاتەوە، هاوکات لە کارگەکەیان دەکرێتەوە بە شیش و، دواتریش بۆ بنیادنانەوەی موسڵ بەکار دەهێنرێتەوە.

لەسەرەتادا، سکراپەکە دەتوێنرێتەوە و دواتریش بە تیرەی جیاواز شیشی لێ ئامادەدەکرێت. تێچووی گواستنەوەی هەر لۆرییەکی پڕ لە سکراپ لە موسڵەوە بۆ هەولێر، نزیکەی 2000 دۆلارە.

کارگەکە بۆ هەر تۆنێک سکراپ 165 دۆلار بە بازرگانانی موسڵ دەدات و، دواتریش بەرهەمەکەی بە نزیکەی دووهێندەی نرخی کڕینەکەی بۆ سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان و، عێراق، بەتایبەتیش موسڵ هەناردە دەکاتەوە.  

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە