رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، بە نزیکەیی 97%ی کارەکانی سەرژمێری لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو کراون و قەدەخەی هاتووچۆش درێژ ناکرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی دوایین داتا کە لەبەردەستماندایە، تاوەکو کاژێر 04:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە نزیکەیی 97%ی کارەکانی سەرژمێری لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو کراون."
بە گوتەی عەبدولزەهرە هینداوی، "کارەکانی سەرژمێری بەردەوامن و بە ئەگەری زۆرەوە، پێش کاژێر 12:00ی ئەمشەو دەگەینە رێژەی 100%."
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستمان بە هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی قەدەخەی هاتووچۆ نابێت، چونکە بە ئەگەری زۆر هەر ئەمڕۆ کارەکانمان تەواو دەکەین."
بۆ یەکەمجارە لەدواى 37 ساڵ، سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت.
20 و 21ى تشرینى دووەمی 2024 سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان کرا، بەڵام بەهۆى ئەوەى لە زۆربەى پارێزگاکانى عێراق لەو دوو رۆژەدا تەواوى خێزانەکان تۆمارنەکران، وادەکە یەک رۆژ درێژ کرایەوە و هەروەها تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەمشەو قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ